دوای ئەوەی ئەمڕۆ بوار بلاویكردەوە كە یەكێك لە سكرتێرەكانی سەرۆك كۆمار لەسەر دۆسیەیەكی گەندەڵی لەلایەن هێزێكی دەستەی دەستپاكی عێراق دەستگیركراوە، بەڵام نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك كۆمار دەلێن ئەوەی دەستگیركراوە سكرتێر نییە،بەڵكوو یەكێكە لە كارمەندانی پاراستنی سەرۆك كۆمار، هاوکات بوار ناسنامەی ئەو كەسە بلاودەكاتەوە كە ناسنامەی سكرتێری بۆكراوە. لە ڕاگەیەندراوێكی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك كۆماری عێراق ئەوە هاتووە، هەندێك لەدەزگاكانی ڕاگەیاندن هەواڵی دەستگیركردنی (چالاك سەباح عومەر)یان بڵاوكردەوە وئاماژە بەوە كراوە كەسكرتێری تایبەتی سەرۆك كۆمارە، بەڵام ناوبراو یەكێكە لەكارمەندانی پاراستنی سەرۆك كۆمار نەك سكرتێر. ئاماژەشیان بەوەكردووە، سەرۆكایەتی كۆمار پێشتر لە 26 ی تشرینی دووەمی 2024 ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردبووەوە سەبارەت بەقۆستنەوەی یەكێك لەپاسەوانەكانی سەرۆك كۆمار، سیفەتی سكرتێری تایبەتی بەڕێزیان و لەبەیاننامەكەدا ڕوونیكردۆتەوە كە كردەوەكانی ناوبراو تایبەتن بەخۆیەوە و سەرۆك كۆماریش بڕیاریدا دەست لەكار بكێشێتەوە و دەستبەجێ لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكرێت و هەموو ڕێوشوێنێكی یاسایی بگرێتەبەر لەدژی ناوبراو. لەلایەكی دیكەوە بەگوێرەی ئەو ناسنامەی كە دەست بوار كەوتووە و تایبەت بە ( چالاك سەباح) بە ژمارە(22 ) ناونیشانی كارەكەی ئەوەی لەسەر نوسراوە كە ناوبراو سكرتێری تایبەتی سەرۆك كۆماری عێراقە، هاوكات ماوەی بەسەر چوونی ناسنامەکەش تا بەرواری 31/12/2026 كاری پێدەكرێت.