گرنگ

 گرنگ

بزوتنەوەی گۆڕان باڵی گردی زەرگەتە: گۆڕان توشی نشوستێكی گەورە بووە

2025-02-01

 
جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە باڵی گردی زەرگەتە لە ڕاگەیەندراوێكیاندا ئاماژە بەوەدەكەن كە گۆڕان توشی نشوستێكی گەورە بووە و تا ئەمڕۆ نەتواندراوە تا ئەمڕۆ ئەو بۆشاییە پڕبكرێتەوە
ئەمە دەقی راگەیەندراوی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان باڵی گردی زەرگەتەیە
هاونیشتمانیانی سەربەرز
لەپاش كۆچی دوایی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، بزوتنەوەی گۆڕان توشی نشوستێكی گەورە بو، كە بەداخەوە نەتوانراوە تا ئەمڕۆ ئەو بۆشاییە پڕبكرێتەوە، سەبارەت بە دوایین پێشهاتەكانی نێو بزوتنەوەكە، ئێمە لە جڤاتی نیشتمانی لامان وایە پرۆژەكانی رەوانشادو دەستورو رێنماییەكانی تەنیا رێگایە كە بتوانێت بزوتنەوەی گۆڕان بخاتەوە سەر رێچكە تەندروستەكەی خۆی، لێرەدا بە چەند خاڵێك رونی دەكەینەوە:
1- ناكۆكیەكانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان، بە تایبەت هەڵوێست و بڕیاری ئێمە وەك بەرەی دەستور لەپێناو بەرگریكردن لە قانون و شەرعیەتی دیموكراسی و راستی و دەستور بووە.
2- ئێمە وەك زۆرینەی زۆری گۆڕانخوازان و ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی و هەڵسوڕاوان بەرگری لە بەرنامەی سیاسی گۆڕان، ئایدیاكانی نەوشیروان مستەفاو دەستور دەكەین. لایەنی بەرامبەر بڕوایان بە بەرنامەو دەستوری گۆڕان نیە.
3- لەسەر داوای زۆرینەی ئەندامانی دەستەی گشتی لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق تانەمان لە كارە ناقانونیەكان داوە. بڕیاری راگرتنی كۆنفرانسی نیشتیمانی لایەنی دەرەوەی گردی زەرگەتە، كەلەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە دەرچوە، وەك لە دەقی نووسراوەكەدا هاتووە لەسەر داواكاری زۆرینەی ئەندامانی دەستەی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بووە.
4- بە مەبەستی بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، رێكاری پێویستمان گرتوەتەبەر بۆ رێگری كردن لە هەموو كارو هەنگاوە ناقانونیەكان.
5- داوای قانونیمان لە نەزاهەی عێراق لەسەر هەموو ئەو كەسانە تۆمار كردووە كە بەشێكن یان رێخۆشكەرن بۆ كاری ناقانونی، چونكە بە وردی ئاگاداری هەموو پەیوەندی ژێربەژێرو دەستێوەردان و كارە ناپەسەندەكانین.
6- هەموو گۆڕانخوازانی دڵسۆز خوشك و برای ئێمەن و هەرگیز ناكۆكیەكان لای ئێمە شەخسی نەبوون و نابن.
7- هەموو دەنگدەران، گۆڕانخوازان، هەڵسوڕاوان، ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی، گشتی و رەوەندی كوردی خاوەنی گۆڕانن و لە پێناویدا ماندوو بوون و قوربانیانداوە. داوا دەكەین بە یەكدەست و یەك ئامانج بەرگری لێ بكەین.
8- بزوتنەوەی گۆڕان ئامانجی گۆڕینی سیستەم، چەسپاندنی دادپەروەری، شەفافیەت، ماف و ئازادی هاونیشتیمانیان بوو. ئێمە بەرگری لەو پرەنسیپانە ئەكەین. بە هیچ شێوەیەك ناكرێ گۆڕان كە داوای قانون و دەستور و سیستەمی ئەكرد بۆ هەموو كوردستان ئێستا پەنا براوەتە بەر پێشێلی دەستور و كاری ناقانونی و لە ناو بردنی سیستەمی كاری رێكخراوەیی.
9- گۆڕان هەمیشە كۆكەرەوەی بیروبۆچوونە جیاوازەكان بووە. ئەقڵیەتی دیكتاتۆری و بێڕێزی كردن و دەستگرتن بە پلە و پۆستەوە بەشێوەیەكی ناقانونی ئامانج لێی لە ناوبردنی گۆڕانە.
10- پەیامی ئێمە وەك رەوانشاد نەوشیروان مستەفا پەیامی لێبوردەیی، یەكتر قبوڵكردن و كاركردنە بۆ خەڵك. دەست و دڵمان بۆ هەموو هاوڕێكانمان كراوەیە. بە كردەوە هەر هەنگاو و پرۆسەیەكی ئاشتەوایی هەبووبێت، ئێمە بە كۆی دەنگ بڕیاری پەسەندكردن و قبوڵكردنیمان داوە.
11- ئامانجی ئێمە گەڕانەوەیە بۆ دیموكراسی بە گشتی و لەناوخۆی حیزب بە تایبەتی، كە لە ناو براوە بە كاری ناقانونی و مانەوە لە دەرەوەی دەستور.
شەممە - ١ی ٢ی ٢٠٢٥
مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان – گردی زەرگەتە
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color