بوار، تایبه‌ت وه‌زیرى دارایى عێراق سێ داوكارى نوێی له هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌و یه‌كێك له داوكارییه‌كانى كە تایبه‌تە به خانه‌نشینان دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی موچەی بەشێكی زۆری خانه‌نشینان. به‌پێى زانیارییەكان، لە مانگی تەموزەوە بڕیاری هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوی عێراق لەهەرێم جێبەجێ کراوە. دادگای فیدراڵی عێراقیش حکومەتی فیدراڵی پابەند کردووە بەدابینی کردنی ئەو شایستەیەی لە هاوتاکردنی مووچەکانیان دروست بووە، بەڵام ته‌یف سامى، له دژى جێبه‌جێكردنى ته‌واوى ئه‌و یاسایه و پێیوایه ئه‌و هاوتاكردن و زیادكردنه ته‌نها ئه‌و خانه‌نشینانه ده‌گرێته‌وه كه لە ژیان ماون و وارسى خانه‌نشینان ناگرێته‌وه. بوار زانیویه‌تى، له‌حاڵه‌تى چوونه ژێر بارى ئه‌و داواكارییه‌ى وه‌زیرى دارایى عێراق ئه‌وا مووچه‌ى به‌شێكى زۆر له وارس و كه‌س و كارى خانه‌نشینان كه‌مده‌بێته‌وه. جگە لەو داواكارییانە ته‌یف سامى، داوا ده‌كات له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێم پێویسته حكومه‌تى هه‌رێم ده‌ستبكات به دانه‌وه‌ى قه‌رزى بانكى تی بى ئاى، كه تا سەرەتای ساڵی 2024، حکومەتی هەرێمی کوردستان قەرزی کەڵەکەبووی لەسەر بانکی بازرگانی عێراق بوو بە بڕی نزیکەی 2.1 ترلیۆن دیناری عێراقی. داواكاری سێیەمی ته‌یف سامى ڕادەستكردنی هه‌ژمارى (ئاى بان)ى بانكى سه‌رجه‌م مووچه‌خۆرانى هه‌ژمارى من بووە، به‌ڵام حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌و داواكارییەی بە تەواوی ڕەتكردووەتەوە.