ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات وەزیری دارایی عێراق بڕیاریداوە كە بۆ ئەم مانگە پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕەوانە بكات، بەڵام بۆ مانگەكانی داهاتوو عێڕاق تەوتین بەسەر هەرێم دەسەپێنێت و ئەوەش مەرجی ناردنی پارەیە بۆ هەرێم. سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری ڕایگەیاند: وەزیری دارایی عێراق لەكۆبوونەوەكانی دوێنێدا لەگەڵ شاندی هەرێم بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی یەكی داوە، بەڵام بۆ مانگی دوو و مانگەكانی داهاتوو داواكاری تری هەیە و دەبێت هەرێم جێبەجیی بكات بۆ چارەسەری گرفتی مووچە. ئاماژەی بەوەشكرد، وەزیری دارایی عێڕاق بۆ مانگی دوو جگە لە هەژماری بانكی و ناو و ژمارەی یوپی ئێن، داوای ئای بان دەكات، كە ئەمە ژمارەیەكی تایبەتە بە فەرمانبەر و لەوڕێگەیەوە دەتوانێت بەبێ گەڕانەوە بۆ هەرێم ڕاستەوخۆ هەژماری بانكیان بۆ بكاتەوە لە بانكە حكومییەكانەوە. ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەژماری من لە دابەشكردنی مووچە و ڕاكێشانی پارە دەمێنێتەوە، ئەو ژمارە فەرمانبەر و مووچەخۆرەی هەژماری منی بۆ كراوەتەوە دەبێت ژمارەی هەژمارەكەی و ئای بانی لە لیستی مووچە هەبێت و هەركەس ژمارەی حسابی نەبێت تەمویلی مووجەی نابێت، ئەمە هەنگاویكی باشە بۆئەوەی گرفتی مووچە چارەسەر بێت و بانكی ناوەندی و وەزارەتی دارایی تەمویلی ئەو بانكانە دەكات، وە دەبێت شاندی هەرێم بەڕوونی بە خەڵك بڵێن پرۆسەی تەوتین بەشێوەی ئیجباری بەسەر هەرێم جێبەجی دەكرێت.