پارتی دیموکراتی کوردستان، دوای حەوت ساڵ جارێکی دیکە بارەگای حیزبەکەی لە دووزخورماتوو کردەوە. ئەمڕۆ ۲ی شوبات، پارتی بارەگای ناوچەی حزبەکەی لە قەزای دووز خورماتوو کردەوە و دوای حەوت ساڵ بەفەڕمی پارتی گەڕایەوە قەزاکە. پارتی دیموكراتی كوردستان دوای ئەنجامدانی کۆنفرانسی حزبی و هەڵبژاردنی ستافی ناوچەی حزبەکەی بارەگای ناوچەی حزبەكەی لە قەزای دووز کردەوە كە لە دوای ڕووداوەكانی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 ەوە لەو قەزایە بارەگاكانی داخستبوو و لە ماوەی ڕابردوو لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی عێراقیش هاوكاری و كارئاسانییان کرد بۆ پارتی لە كردنەوەی بارەگاكانی لەو سنورە. ئەمڕۆ بەئامادەبوونی بەرپرسانی پارتی لەکەرکوک بارەگای ناوچە کرایەوە کە سەر بە لقی ۲٥ی دەوروبەری کەرکوک دەبێت. پارتی لەدوای نەمانی بارەگاكانی لەدووز بەشداری هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 2021 و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدینی كرد و لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران هەزارو 838 دەنگ و لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كاندیدێكی لەناو لیستی حەسمی وەتەنی هەبوو هەزارو 415 دەنگی بەدەست هێنا. قەزای دووز لەپارێزگای سەڵاحەدین تاكە قەزایە دانیشتوانی كوردی تێدا بێت و كورد لەو قەزایە نوێنەرێكی لە ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین و نوێنەرێكی لە پەرلەمانی عێراق هەیە كە هەردووكیان لەسەر لیستی یەكێتی دەرچوون.