گرنگ

وردەکاری سکاڵاکانی کۆمپانیای نەوتی باکور بۆ داواکردنەوەی کێڵگەکانی خورمەڵە و کۆرمۆر

2025-02-04

 

کۆمپانیای نەوتی باکور کە سەرپەرشتی کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگاکانی کەرکوک و نەینەواو سەڵاحەدین و دیالە دەکات دوو سکاڵای دژی وەزارەتی سامانەسروشتیەکان و وەزیری سامانەسروشتیەکانی هەرێم تۆمار کردووە و داوای گەڕانەوەی کێڵگەکانی خوڕمەڵەو کۆرمۆر دەکات. سکاڵای یەکەم لە ۲٥ی ٤ی ۲۰۱۹ تۆمارکراوە لە دادگای لێکۆڵینەوەی کەرکوک دژی دەست بەسەرداگرتنی کێڵگەی خوڕمەڵە لەلایەن کۆمپانیای کار و حکومەتی هەرێم. سکاڵای دووەم لە ۱۲ی ٤ی ۲۰۲۱ بەناوی لابردنی زیادەڕۆی دژی وەزیری سامانەسروشتیەکانی هەرێم تۆمارکراوە لە دادگای بەرایی کەرکوک. دواتر لە ساڵی ۲۰۲۲ دۆسیەکە گوازراوەتەوە بۆ دادگای تایبەتمەندی بازرگانی ڕەسافە لە بەغدا. لە سکاڵاکەدا هەرێم تۆمەتبار کراوە بە زیادەڕۆی و دەست بەسەرداگرتنی کێڵگەکانی خوڕمەڵە و کۆرمۆر و وێستگەی جەستان.  لە ڕۆژی ۱٥ی ۱ فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی نەوتی عێراق لەنوسراوێکدا لە وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتار سۆران عومەر جەختی لەسەر بەردەوامی سکاڵاکان لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باکور کردووەتەوە. بیانووی بەغدا بۆ داواکاری ئەو کێڵگانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خوڕمەڵە و کۆرمۆر دوای ۲۰۰۳ کەوتونەتە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێم. کێڵگەی کۆرمۆر گەورەترین کێڵگەی پەرەپێدراوی غازی عێراق و هەرێمەو لە ئێستادا بەرهەمی ڕۆژانەی ٥۳۰ ملیۆن پێ سێجا غاز و هەزار و ۱۰۰ تەن غازی ماڵان و بیست هەزار بەرمیل نەفتایە. کێڵگەی خوڕمەڵە گەورەترین کێڵگەی نەوتی هەرێمە و بەرهەمی ڕۆژانەی نزیکەی ۱۳۰ تا ۱٥۰ هەزار بەرمیل نەوتە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color