ئەندامێكی خولی پێشوی پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بەوەدەكات حكومەتی هەرێم بڕی زیاتر لە یەك تریلیۆن دیناری بۆ مووچەی مانگی 12 لەبەردەستدایە ودابینكردنی موچەی مانگی 12لەئەستۆی حكومەتی هەرێمە بەڵام دابەشی ناكات. عومەر گوڵپی، پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند بە پێی ڕاگەیەنراوی فەرمی حكومەت، بەغدا بڕی 958 ملیار دیناری بۆ موچەی مانگی یەك خستە سەر ئەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم، بە بێئەوەی هیچ ئاماژەیەك بە موچەی مانگی (كانونی یەكەم/12) بكات، هاوكات موچەی مانگی 12 لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمە وبەغدا بە بەڵگە خۆی لەو بەرپرسیارێتیە هێناوەتە دەرەوە. ئاماژەی بەوەشكردووە، بۆ موچەی مانگی 12 وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 441 ملیار دیناری ناردوە و وەزارەتی دارایی هەرێم ئەو پارەیەی وەرگرتووە، هاوكات بە پێی ڕاگەیەنراوەكانی وەزارەتی دارایی عێراق، هەرێمی كوردستان ماوەی حەوت مانگی ساڵی 2024 هیچ بڕە پارەیەكی لە داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا نەناردوە، كە دەبو بۆ هەر مانگێك نزیكەی 80 ملیار دینار بنێرێت كە بۆ حەوت مانگەكە دەكاتە 560 ملیار دینار، بەمجۆرە زیاتر لە یەك ترلیۆن دینار كە بەشی تەواوەتی موچەی مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو دەكات. ئەو پەرلەمانتارەی خولی پێشووش ئەوەی خستووەتەڕوو، بە هەمو پێوەرێكی ژمێریاریی و یاسایی ئەركی حكومەتی هەرێمە موچەی مانگی 12 دابەشبكات لەو پارەیەی بەغدا ناردویەتی و لەوەشی كە دەبو بینێرێت بۆ بەغدا و نەیناردوەتەوە، پێویستە هەمو خەڵكی كوردستان ئەم ڕاستیە بزانێت و هەمو پێكەوە كاربكەین بۆ فشاركردن تا هەرێم دەچێتە ژێرباری بەرپرسیارێتی موچەی مانگی 12 و خەرجی دەكات.