حكومەتی عێراق لە هەنگاوێكی نوێدا چەند بەڕێوەبەرایەتییەكی گشتی لە هەرێم هەڵدەوەشێنێتەوە. وەزارەتی دارایی عێراق، بڕیاریداوە تەنها مامەڵە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی سەر بە وەزارەتی دارایی هەرێم بکات و دەبێت سەرجەم ئەو بەڕێوەبەرایەتیانەی تر کە سەر بە وەزارەتەکانی پێشمەرگەو دارایین و کاروباری خانەنشینان ڕایی دەکەن هەڵبوەشێنەوە. وەک هەنگاوی یەکەم وەزارەتی دارایی هەرێم بڕیاریداوە دۆسیەی خانەنشینان لە یەکەکانی ۷۰ و ٨۰ی وەزارەتی پێشمەرگە و بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی پێشمەرگە و دەزگاکانی ئاسایش و وەزارەتی ناوخۆو شەهیدان بگوازێتەوە بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی هەرێم. دوای تەواوبوونی گواستنەوەی دۆسیەکانی خانەنشینان سەرجەم ئەو بەڕێوەبەرایەتییە گشتی و یەکانە هەڵدەوەشێنێتەوە کە کاروباری خانەنشینان ڕایی دەکەن. یەکێک لە مەرجەکانی بەغدا بۆ خەرجکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم یەکخستنی سیستەمی دارایی و خانەنشینییە لەگەڵ عێراق و کۆکردنەوەی دۆسیەی خانەنشینی هەرێمە لە چوارجێوەی یەک دامەزراوەدا. لە هەرێمی کوردستان وەزارەتەکانی پێشمەرگە و دەزگاکانی ئاسایش و ئەیلول، هەمان مامەڵەی خانەنشینی دەکەن و وەزارەتی دارایی جگە لە بەڕێوەبەرایەتییەک بۆ خانەنشینی شارستانی، بەڕێوەبەرایەتی تایبەتی بۆ خانەنشینانی سەربازی بەناوی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی پێشمەرگە هەیە.