ڕەنگە مانگرتن زۆر شت نهگۆڕێت بەڵام زۆر شت ئاشکرا دەکات:
دوای شکستی ئۆپۆزسیۆن لە ناو گۆڕهپانى سیاسیدا، دوای ئەوەی ڕۆژ بە ڕۆژ ڕۆشنبیران و چالاکوانان خۆیان بە حزب، یان بەو کەس و بهم كهس فڕۆشت، دوای کڕینی ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئیتر ووردە ووردە جوڵەکانی شەقام وەك پێشووتر ترس و دڵەراوكێی نەما بۆ سەر دەسەڵات. لەو ساتەوە شهقام و ئهو ئاراستەیە کارایە ههر ههوڵێكى دابێت وەك کاری بێ ئەنجام سەیر دەکرێت. ئەم ئاراستەیەش هەم ئۆپۆزسیۆن هەم دەسەڵات دروستیان کردووە و لە بەرژەوەندیشیانه و درێژەی پێ دەدەن. بەڵام لە کاتێکدا ئەمە لایەنێکی خەمناك و بێ ئومێدی وێنەکە دەخاتە ڕوو، دیوێکی جوان و ئومێدبەخشی هەیە: مانگرتنەکە زۆر ڕووخساری شاراوەی دەرخست، دەمامکی لابرد و پووچی و ناوبۆشى ئەو کەسانەی ئاشکرا کرد کە ڕۆژگارێك قارەمانانە دەرکەوتن. نمونە بۆ ئەو قسانەى سهرهوه وەردەگرین: *بەر لەهەر شتێک حیزبی سیاسی خۆی پلان و سەرکردایەتی نارازیەکان دەدات و خەڵك دوای ئاراستەکە دەکەوێت و پشتیوان دەبێت. بهڵام لە هەرێم پێچەوانەیە خەڵك سەرپەرشتی ئاڕاستەی نارازیەکان دەکات و حیزب و کەسایەتیەکان گوایه پشتیوانیان دەکەن، ئەمەش بهڵگهى ئاشکراکردنی نا جدی بوون و بێ پلانی ئەو حیزب و کەسانە ئاشکرا دەکات. *ئەگەر ئەو مانگرتنە نەبوایە، کێ درۆی ئەو سەرکردهی ئاشکرا دەکرد کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد "ئێوە ناڕەزایەتی دەرببڕن، منیش ڕێبەرایەتی دەکەم"؟ *گەر مانگرتوان نەبوایە کێ دەیزانی ئەو جووت برایەی سەریان لە خێمەکەدا وهك دوو نمایش کاری بێ کردارن( فیگەری بێکردەوە) ئەوەتا یەکێکیان لەکۆبونەوەی ئەنجومەن ناتوانێت لە بەیاننامهى حکومەت بە رستەیەك پشتیوانیان بکات، ئەوی تریش لە روخانی حکومەت و تەوتینەوە هاتوە دەڵێت چیتان پێویستە لەگەڵتانم؟! *ئەگەر مانگرتنەکە نەبوایە، چۆن ترسی پەکەکە لە ناڕەزایەتییەکان بەو شێوەیە بە ڕوونی ئاشکرا دەبوو؟ ئەو حیزبەی پۆزی یەکەم بوون لێدەدات لە هەڵبژاردن کەچی لە دەنگی مامۆستا دەترسێت؟! *مانگرتوان دەریاخست ئەوانەی دەیانگوت هەولێر لۆهەولێریەکان وەردەگرینەوە تەنانەت نەیانتوانی مۆڵەتی ناڕەزایەتی لە پارێزگاکە لەسەر مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران دەستەبەر بکەن. *هەر مانگرتن و برسییهتى مانگرتووان بوو پارێزگاری هەولێری ناچار کرد قسە بکات، ڕایگەیاند کە ڕێگە بە میوانان دەدەن بچنە ناو پایتەختەوە، بەڵام تەنها بە مەرجی بێدەنگی. *ئەی هەر ئەو جوڵە خۆرسکە نییە ئاگری لە سهرۆكه ههڵتۆقیوهكهى جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەرداوە و سەرۆکەکەی باوەری وایە خۆی نەبێت نابێت هیچ جولەیەکی تر هەبێت لە شەقام و تهخوین دهكات ؟! ئەوە نییە ئۆپۆسیۆن بویتە دیکتاتۆر و هەر رۆژەی تۆمەتێك بۆ مانگرتوان دروست دەکات تەنها لە بەر ئەوەی روی راستی فشەی ئەویان دەرخست.