گرنگ

یەکێتی هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتن فراوان دەکات و سێ لیوای نوێی دروست کردووە

2025-02-14

 

یەکێتی نیشتیمانی كوردستان، سەرقاڵی ڕێکخستنەوە و فراوانکردنی هێزە سەربازییەكانییەتی و لە ماوەی ڕابردوو هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتن لە پێنج لیواوە کراون بە هەشت لیواو سێ لیوای نوێ پێکهێنراون. فەرماندەی پێشمەرگەی بەرگری و فریاکەوتن، هێزێکی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمن و ژمارەیان لە بیست هەزار زیاترە. پێشتر پێنج لیوا بوون لەگەڵ چەند فەوجێکی بارەگا. بەپێی زانیارییەكان، لە ماوەی ڕابردوودا لیوایەک لە ئەندامانی ئەو هێزە لە سنوری گەرمیان پێکهێنرا، بەناوی لیوای ۳۰ی گەرمیان و ئەرکی لیواکە لە سنوری گەرمیان دەبێت. هەروەها عەمید جوامێر وەک فەرماندەی لیواکە دانراوە. لیوای دووەم كە لەو هێزە پێكهێنراوە، لیواكە بەناوی لیوای ۳٦ی کەرکوک پێکهێنراوە و ئەرکیان لە نێوان چەمچەماڵ و کەرکوک دەبێت و عەمید عەلی چیمەنی وەک فەرماندەی لیواکە دانراوە. هەرچی لیوای سێیەمە بەناوی لیوای ٤۰ی هەولێر پێکهێنراوە و ئەرکیان لە سنوری کۆیە و ئیدارەی ڕاپەڕینە و عەمید سیروان هەمزە فەرماندەی لیواکەیە. گۆڕانکارییەکانی یەکێتی لە هێزی بەرگری و فریاکەوتن لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییانەدایە كە چەند مانگێکە یەکێتی لە نێو هێزە سەربازییەکانی ئەنجامی دەدات. ئەمە جگە لەوەی لە ماوەكانی ڕابردووش لیوایەکی نوێی پۆلیسی نەوتی دروست کرد و دوو فیرقەی پێشمەرگەشی لە هێزەکانی دروست کرد.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color