دوای پێنج ساڵ کارکردن، ئەمساڵ بەشێکی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی دەکرێتەوە. شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند «ئەم ساڵ بەشێكی شەقامی 100 مەتری بەڕووی هاتووچۆی شوفێراندا دەكرێتەوە». بەرپرسێكی كۆمپانیای جێبەجێكاریش ئاماژەبەوەدەكەن ئێستا بەهۆی وەرزی زستانەوە قیرتاوكردنی شەقامەكەیان راگرتووە. سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا ئەوەیان خستووەتەڕوو، لەگەڵ ستافی كۆمپانیای قەیوان كە جێبەجێكاری پڕۆژەی شەقامی 100 مەترییە كۆبوونەوەتەوە، بۆ دانانی پلانێكی نوێی كاركردن بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكە لە كاتی خۆیدا. ئاماژەبەوەشكراوە، جەخت لە تەواوكردنی شەقامەكە كرایەوە لە پردی تاسڵوجە تا یەكتربڕی لەگەڵ شەقامی قەرەداغ بە تەواوی بڕگەكانی رێگاكەوە و تەواوكردنی یەكتربڕەكانی ژمارە (12-13-14-15-16-17) تاوەكو كۆتایی ئەم ساڵ و كردنەوەی ئەو بەشەی شەقامەكە بەڕووی هاووڵاتیاندا. شارەوانی سلێمانی ئاماژەی بەوە كردووە، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاریانداوە، كە كاركردن لە یەكتربڕەكانی (تاسڵوجە ژمارە 11 و 24 سەرچەمی تانجەرۆ) چڕبكرێتەوە، هاوكات كۆمپانیای قەیوان بەڵێنی دا بە پێشكێشكردنی پلانێكی چڕی كاركردن و تەواوكردنی كارەكان لە ماوەی یاسایی پڕۆژەكەدا. شاباز سدیق، سەرپەرشتیاری كۆمپانیای قەیوان بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی 100 مەتریی سلێمانی ڕایگەیاند:ئێستا كاركردن لە پرد و یەكتربڕەكان بەردەوامە، بەڵام بەهۆی زستان و وەرزی سەرماوە قیرتاوكردن راگیراوە. ئۆتۆبانی بابان كە بە شەقامی 100 مەتری سلێمانی ناسراوە لە 11-7-2020 بەردی بناخەی دانرا، بە چەند قۆناخێك جێبەجێ دەكرێت، گوژمەی پڕۆژەكە 400 ملیار دینارە و بڕیار بوو لە ماوەی 1100 رۆژ واتە تاوەكو 30-8-2023 تەواو بكرێت.