گرنگ

پارتی: لەگەڵ یەکێتی هاوڕاییمان دروست بووە لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەم

2025-02-15

 

#بوار کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەسعود بارزانی، تاو و توێی هاتنە سەر دەسەڵاتی ئەحمەد شەرعی کرد. بەپێی ڕاگەیاندراوی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان لە تەوەری یەکەمی کۆبونەوەکەیاندا باسیان لە کێشە و گۆڕانکارییەکانى ئاستى جیهان و ناوچەکە، ڕووداوەکانى شەڕى غەزە و هەڵوێستى حکومەتەکانى ئەمریکا، ئەوروپى و عەرەبییەکان و، ئاکامەکانى شەڕ و ئاڵۆزییەکان بۆ هەردوو لایەنى شەڕکەر و، کاریگەرى لەسەر کۆى پرسى فەڵەستین و ڕەنگدانەوەى لەسەر ژیان و ئایندەی کەرتى غەزە بە تایبەتى و فەلەستین بە گشتى خرانە بەر باس و گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.   بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی، گۆڕانکارییەکانى سوریا و کاریگەرییان لەسەر ناوچەکە بەگشتى و کوردستانى سوریا بە تایبەتى، ئاکامەکانى کەوتنى ڕژێمى بەعس لە سورىا و هاتنە سەر دەسەڵاتى لایەنە بەرهەڵستکارەکان بە سەرۆکایەتى (ئەحمەد شەرع) تیشکى خراوەتەسەر و، تەواوى لایەنەکانى ئەو گۆڕانکارییە شرۆڤەکران، هەروەها کاریگەرىى لایەنە دوور و نزیکە دەرەکییەکان لەسەر چۆنیەتى بەڕێوەبردنى سوریاى نوێ و ئاراستەى سیاسى ئەو دەسەڵاتەى ئێستا و چۆنیەتى مامەڵەکردنى لەگەڵ پێکهاتە نەتەوەیى و ئاینییەکانى وڵاتەکە لەلایەک و، لەلایەکى دیکەوە چۆنیەتى مامەڵەکردنى دەسەڵاتى نوێ لە هەمبەر چارەسەرى کێشەى کورد و کۆتاییهێنان بە پێشێلکاریەکانى مافەکانى کورد لە ڕابردوودا، گفتوگۆیان لەبارەوە کرا. تەوەرى سێیەمی کۆبونەوەی کۆمیتەی ناوەندی باسکردن بوە بە پڕۆسەى ئاشتى لە تورکیا و سەردانى شاندى دەم پارتى بۆ هەرێمى کوردستان، ئەم پڕۆسە گرنگ و کاریگەرە پێویستى بە زەمینە خۆشکردن و هاوفکرى و هاوکارى هەیە، ئەوەى بۆمانبکرێت و پێویست بێت و لێمان داوابکرێت هاوکار و زەمینەخۆشکار دەبین، لەم بارەوە بە ئەرکى سەرجەم لایەنەکانى دەزانین بەرژەوەندیى نەتەوایەتى و کۆمەڵگا بخەنە سەروى تەواوى بەرژەوەندییەکانى دیکە. تەوەرى چوارەنیش تایبەت بووە بە ڕووداو و گۆڕانکارییەکانى لوبنان. بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی، تەوەرى  پێنجەم په‌یوه‌ندییه‌کانى پارتی بووە لەگەڵ لایەن سیاسییەکانى عێراق. کۆبونەوەکە باسی لە سەرەتاى دامەزراندنى کابینەى (محەمەد شیاع سودانى) لەسەر بنەماى ڕێککەوتنى سیاسى و ئیدارى لەگەڵ لایەنەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى و لایەنەکانى سونى، هەوڵەکانمان بە ئاراستەى پشتگیرى حکومەت بۆ بەڕێوەچوونى کار و خزمەتى خەڵک و جێبەجێکردنى کارنامەى حکومەت بووە، سەبارەت بە بودجە و مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان و جێبەجێ نەکردنى بڕگەکانى ڕێککەوتنەکان، کۆبوونەوە جەختى لەسەر چارەسەرکردنى کێشەکان لە ڕوانگەى دەستوور و ڕێککەوتنەکان کردوە و، کۆبوونەوە تەئکیدى کردەوە کە شایستە داراییەکان و مافە دەستوورییەکانى هەرێمى کوردستان بە سیاسى نەکرێن و ماددە دەستوورییەکان وەکو ئەوەى کە لە دەستووردا هاتوون خوێندنەوەیان بۆ بکرێت و جێبەجێ بکرێن. هەروەها کۆبوونەوە پشتیوانى خۆى بۆ هەوڵ و هەنگاوەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان دووپاتکردەوە بۆ چارەسەری هەمیشەیى گیروگرفت و کێشەکان. تەوەرى شەشەمی کۆبونەوەکەش بابەتى پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان و گفتوگۆ و هەنگاوەکانى دانوستاندنەکان بووەو ئەوە خراوەتەڕو کە دواى ئەنجامدانى هەڵبژاردن لە ٢٠ى ئۆکتۆبەى ٢٠٢٤، پارتی لیژنەیەکى باڵاى تایبەتى بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان پێکهێنا و، دواى ڕاگەیاندنى ئەنجامەکانى هەڵبژاردن لیژنەکەیان سەردانى تەواوى ئەو لایەنە سیاسییانەى کە بەشدارى هەڵبژاردن بوون کرد، بیروڕا گۆڕینەوە و زەمنەخۆشکردن بۆ کۆبوونەوە و دەستبەکاربوونى پەرلەمان و پێکهێنانى کابینەى نوێ لە چەندین گەڕى کۆبوونەوەکان لێکتێگەیشتن و لێکنزیکبوونەوە دروست بوو و، لەسەر زۆر بابەتى سیاسى و ئیدارى لەگەڵ یەکێتى نیشتمانى کوردستان هاوڕایى دروست بووە و پێویستى بە گفتوگۆى زیاتر هەیە کە لەم هەفتەیەدا دەستپێدەکات و چاوەڕوانین لە کاتێکى نزیکدا موژدەى پێکهێنانى سەرۆکایەتى پەرلەمان و کابینەى نوێ لە سەر بنەماى یەک هەرێم، یەک حکومەت، یەک هێزى لەشکر، ڕابگەیەندرێ. 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color