وتەبێژی یەكێتی نشتیمانی كوردستان ئاماژە بەوەدەكات بڕیارە لەم نزیكانە شاندی باڵای هەردوولای یەكێتی نشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كۆببنەوە بۆ پەسەندكردنی ئەو ڕەشنوسەی كە لیژنە لاوەكییەمان ئامادەیان كردووە بۆ پێكهێنانی حكومەت، ئەگەر پەسەند نەكرا سەرۆكەكان بڕیاردەدەن. سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند: لەكۆبوونەوەی داهاتووی شاندی باڵای دانوستانی یەكێتی و پارتی بڕیار لەسەر ئەو رەشنووسە دەدرێت كە بۆ بەڕێوەبردنی حكومڕانی داهاتوو و شێوازی بەشداریی یەكێتی لەكابینەی نوێ ئامادەكراوە. ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەگەر بابەتەكان لەوێ یەكلایی نەكرایەوە بەرزدەكرێتەوە بۆ بەردەم سەرۆكی هەردوو حیزب، بەڵام دۆخی ناوچەكە لەهەمووان دەخوازێت پەلە بكرێت لە پێكهێنانی حكومەت. وتەكانی وتەبێژی یەكێتی لەكاتێكدایە كە لیژنە هاوبەشەكەی پارتی و یەكێتی تا ئێستا پێنج كۆبوونەوەیان ئەنجامداوە بۆ ئامادەكردنی رەشنوسێك بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم و شێوازی حوكمڕانی لەماوەی چوار ساڵی داهاتوودا، بەڵام تا ئێستا شاندی باڵای هەردوو كۆنەبوونەتەوە بۆ ئەوەی ئەو ڕەشنوسە پەسەند بكەن.