وتەبێژی حكومەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر خشتەی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیماناندا نەهاتووە و دەبێت تا كۆتایی ئەمساڵ بكشێنەوە باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق ڕایگەیاند: تا ئێستا خشتە كاتییەكانی ڕێككەوتنی نێوان عێراق و هێزەكانی هاوپەیمانان بۆ كشانەوەیان لە عێراق وەك خۆیان ماون. ئاماژەی بەوەشكردووە، مانگی ئەیلوولی ڕابردوو عێراق و هاوپەیمانان ڕێككەوتن كە تا كۆتایی 2025 ئەركەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش كۆتاییان بێت و دواتر پەیوەندییەكان بگۆڕێن بۆ هاریكاریی ئەمنی. ئەوەش لەكاتێكدایە كە بەرلە چەند ڕۆژێك (مەسرور بارزانی)، سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاندبوو كە بەغدا بە هەڵوێستی خۆی لەسەر مانەوەی ئەو هێزانەدا دەچێتەوە و ئێمە وەك هەرێمی كوردستان گوزارشتمان لە ویستی خۆمان بۆ میوانداریكردنی هێزەكانی هاوپەیمانان كە لە ناوچەكەدان كردووە.