وەزیری سامانە سروشتییەكان بەوەكالەت ئاشكرای دەكات، بە ئەگەرێكی زۆرەوە تا كۆتایی مانگی داهاتووی ئەمساڵ، هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكاتەوە كەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم بە میدیای پارتی ڕاگەیاندووە: ئەمڕۆ شاندێكی وەزارەتی نەوتی عێڕاق سەردانی هەولێر دەكەن و بەیانیش لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان كۆدەبینەوە، بە ئەگەرێكی زۆر تا كۆتایی مانگی 3ـی ئەمساڵ، هەناردەكردنەوەی نەوت دەست پێدەكاتەوە. ئاماژەی بەوەشكردووە، ڕێكاری یاسایی هەناردەكردنەوەی نەوت تەواو بووە، بەڵام پێویستی بە ڕەزامەندی توركیا هەیە، هاوكات لە ڕۆژانی داهاتووشدا لەگەڵ توركیا لە هەولێر كۆبوونەوەیەك دەكەن. ئەوەش لەكاتێكدایە كە نزیكەی دوو ساڵە لەسەر داوای حكومەتی عێراق و بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس، هەناردەی نەوتی كوردستان بۆ بەندەری جەیهانی توركیا وەستاوە، ئەمەش زیانی سەرووی 25 ملیار دۆلاری بە ئابووریی هەرێمی كوردستان و عێراق گەیاندووە.