گرنگ

زانیاری نوێ لەسەر ئەو پێنج بانکەی دۆلاریان بەقاچاغ بردووەتە ئێران و لوبنان

2025-02-18

 

ئەو پێنج بانكە عێراقییەی سزادراون دۆلاریان بە قاچاغ بۆ ئێران و لوبنان بردووە، رەنگە لە ئایندەدا هیچ بانكێكی عێراقی رێگەی پێنەدرێت حەواڵە بكات. رۆژنامەی (العربي الجدید) لە سەرچاوەیەکی بەرپرس لە بانکی ناوەندی عێراق ئاشكرایكردووە، عێراق داواکارییەکی فەرمی لە خەزێنەی ئەمریکاوە پێگەیشتووە، بۆ قەدەغەکردنی پێنج بانک و سێ کۆمپانیای پارەدانی ئەلیکترۆنی، بەهۆی تێوەگلانیان لە بەقاچاغبردنی دۆلار و گواستنەوەی پارە بە شێوەیەکی نایاسایی لە بەرژەوەندی ئێران و لایەنی تر لە لوبنان. ئاماژەی بەوەشکردووە، سزاکە قەدەغەکردنی مامەڵەکردن بە دۆلار یان ڕێگریکردن لە هەر جۆرە گواستنەوەیەکی دارایی مامەڵەکردن بە دۆلار لەخۆدەگرێت، جگە لە قەدەغەکردنی چالاکییەکانیان لەگەڵ بانکە بیانییەکانی دیکە. بەپێی ئەو ئاگادارییە ئەمریکییە، بانک و کۆمپانیای دیکەش هەن هەڕەشەی سزادانیان لەسەرە، بەهۆی تۆمارکردنی پێشێلکاری لە دژیان سەبارەت بە قاچاخکردنی دۆلار بۆ دەرەوەی وڵات لە ماوەی چەند مانگی ڕابردودا. ژمارەی ئەو بانکە ئەهلی یان تایبەتیانەی عێراق کە ئێستا لە لیستی سزاکاندان گەیشتووەتە (28) بانک، لە کۆی (44) بانک کە لە عێراق کاردەکەن. بانکی ناوەندی عێراق رەتیکردەوە بەشێک لە بانکە عێراقییەکان روبەڕوی سزای نێودەوڵەتی بوبێتنەوە. لای خۆیەوە، شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، هۆکاری سزاکانی ئەمریکای بۆ سەر بانکەکانی عێراق گەڕاندەوە بۆ نەبوونی شەفافیەت و، ئەوانیش بەشێک بوون لە بەقاچاخبردنی پارە لە عێراقەوە. پێشبینیشی كرد تەنها بانکەکانی ئوردن و ئیمارات بمێننەوەو لە قۆناغی داهاتوودا لە ڕێگەی ئەوانەوە ئەنجام دەدرێت، بەوپێیەی ملکەچی وردبینی زیاترن لەلایەن ئەمریكییەكانەوە. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: بەردەوامی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر بانکەکانی عێراق کاردانەوەی جدی دەبێت لەسەر دۆخی سیستمی بانکی عێراقی، هەروەها کاریگەری نەرێنی لەسەر نرخی دۆلاری ناوخۆییش دەبێت، پرسی حەواڵەی دەرەکیش بۆ هاوردەکردن، چ بۆ کەرتی ناوخۆیی بێت یان حکومی، قورستر دەکات. بانکی ناوەندی عێراقی بە بەرپرسیار زانی لە بەردەوامیی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر بانکەکانی عێراق، بەوپێیەی سەرپەرشتیار و چاودێری کارەکانی سەرجەم بانکەکانە، دەبوو چاودێری و بەدواداچونی توندتر بکردایە، بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەر جۆرە قاچاغچێتییەکی دۆلار بە ڕێگەی نایاسایی ، بەپێی تۆمەتەکانی خەزێنەی ئەمەریکا. ئاشكراشیكرد، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق میوانداری بەرپرسانی بانکی ناوەندی عێراق دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم بابەتە بەهۆی گرنگییەکەی و مەترسی بەردەوامبوونی ئەو سزایانە، ناشكرێت حەواڵەی دەرەکی سنوردار بکرێت.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color