وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەنجامی کۆتایی پڕۆسەی سەرژمێری ڕاگەیاند و دانیشتوانی عێراق ٤٦ ملیۆن و ۱۱٨ هەزار کەسە لە کاتێکدا چەند هەفتەیەک دوای ئەنجامدانی سەر ژمێری محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجامی بەرای سەرژمێری بڵاو کردەوەو ڕایگەیاند دانیشتوانی عێراق ٤٥ ملیۆن و ٤۰۷ هەزار کەسە. جیاوازی نێوان ئەنجامی بەرایی و ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری لە عێراق ۷۱۱ هەزار کەسەو لە ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی دانیشتوانی عێراق ۷۱۱ هەزار کەس زیادی کردووە. جیاوازی لە ژمارەکان لە کاتێکدایە سەرژمێری گشتی عێراق کە لە ڕۆژانی ۲۰ و ۲۱ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو ئەنجامدرا بەشێوەی ئەلیکترۆنی بەڕێوە چووەو داتاکان ڕاستەوخۆ ڕەوانەی داتا سەنتەری وەزارەتی پلان دانان کران. جیاوازی لە ژمارەکانی ئەنجامی بەرایی و ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری و درەنگ ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان گومانی لەسەر دروستی داتاکان دروست کردووە بە تایبەت لە عێراق ئەنجامی سەرژمێری پەیوەستە بە دیاریکردنی ژمارەی کورسی هەڵبژاردنی پەرلەمان و پارێزگاکان کە ڕەنگدانەوەی هەیە لە ململانێی تایفی و نەتەوەیی.