وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژە بەوەدەكات هێشتا مەترسییەكانی هەڕەشەی هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق لە ئارادان، ئەوەش بەهۆی ئەو گرپە چەكدارانەی هێشتا لەعێراق ماون، دەشڵێت" ئەمەریكا داوای لێ كردووین هاوردەكردنی غازی ئێران ڕابگرین" فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە چاوپێكەوتنیدا لەگەڵ كەناڵی (العربیە) ئاماژەی بەوەكرد، ئیسرائیل لە ڕێگەی ئەمەریكاوە چەندان جار بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ بەرپرسانی عێراقی ئاگادار كردبووەوە، ئەگەر گرووپە چەكدارەكان، بەردەوام بن لە هێرشە مووشەكییەكانیان، ئەوا هێرش دەكاتە سەر عێراق. ئاماژەی بەوەشكرد، هەڕەشەكانی هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق، تاوەكوو ئێستەش هەر ماون، هاوكات ئەمەریكا چەندان جار پەیامی ناڕاستەوخۆی لەبارەی گرووپە چەكدارەكان، بۆ ئێمەی ناردووە، بۆیە گرووپە چەكدارەكان نابنە هەڕەشە لەسەر مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان و تاوەكوو ئێستەش هیچ گۆڕانێك بەسەر كاتی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە عێراق نەهاتووە. وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەمەریكا داوای لێ كردووین هاوردەكردنی غاز لە ئێرانەوە ڕابگرین و هەندێك پێشنیازیشی بۆ كردووین كە تایبەتن بە زیادكردنی فشار لەسەر تاران، بۆیە بە پێویستی دەزانین عێراق هاوسەنگیی لە پەیوەندییەكانی لە نێوان ئەمەریكا و ئێراندا بپارێزێت.