ئاسایشی سلێمانی سێ رۆژنامەنوسی دەستگیرکردووە و تا ئێستا هۆکاری دەستگیرکردنیان دیار نییە. بەپێی وتەی کەس و کاری یەکێک لە رۆژنامەنوسەکان کە قسەی بۆ بوار کردووە، درەنگانی شەوی رابردو، هێزێكی ئەمنی لە سلێمانی چونەتە سەر ماڵی سێ رۆژنامەنوس و دەستگیریان كردون و تا ئێستا چارەنوسیان نادیارە. شەوی رابردو، هێزێكی ئەمنی چونەتە سەر ماڵی هەریەك لە رۆژنامەنوسان نەبەز شێخانی، بەشدار بازیانی و دانا ساڵح دەستگیریان كردون. هەر سێ رۆژنامەنوسەکە لە ماڵپەڕی میدیا21، کاردەکەن کە چەند رۆژێکە لە سلێمانی دەستیان بە کارکردن کردووە. بەپێی وتەی یەكێك لە کەس و کاری ئەو سێ رۆژنامەنوسە، هێزە ئەمنییەكان نزیكەی کاتژمێر 1ی شەو هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵی رۆژنامەنوسەكان و پێیان وتون لەگەڵیان بڕۆن بۆ لێكۆڵینەوە دوای نیو کاتژمێر دەیانگەرێننەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا چارەنوسی نادیارە.