پەرلەمانتارێكی عێراق لە لیستی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، پێشبینی دەكات كە لە كۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ هەڵبژاردن لە عێراق ئەنجام بدرێت و پشتڕاستی كردەوە، كە لە چەند مانگی داهاتوودا گۆڕانكاری لە یاسای هەڵبژاردندا دەكرێت. باقر ئەلسەعدی، پەرلەمانتاری عێراق لە لیستی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند: بزووتنەوەیەكی سیاسیی هەیە بۆ هەنگاونان بەرەو پێشەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەگەڵ گۆڕینی هەندێك خاڵ لە یاسای ئێستای هەڵبژاردنەكاندا. ئاماژەی بەوەش كرد، تا ئەم ساتە كۆدەنگی لەسەر ئەو خاڵانە نییە كە دەتوانرێت گۆڕانكارییان تێدا بكرێت، بەڵام بە گشتیی ئەو خاڵانەی كە هەموار دەكرێنەوە لە نێوان سێ بۆ چوار خاڵدایە. ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی ڕوونكردەووەتەوە، كە پێشبینی ناكات وادەی هەڵبژاردن دوابخرێت بۆ ساڵی ٢٠٢٦، بەڵكو پێشبینی دەكات لە كۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ بەڕێوەبچێت و شەش مانگی داهاتوو بڕیار دەدرێت، كە ئایا بەردەوام دەبێت لە گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن یان دواخستنی بۆ ماوەیەك.