گرنگ

ئاپیکۆر لە بری هەرێم شەڕی نەوت لەگەڵ بەغدا دەکات و شکست بەهەناردەی نەوتی هەرێم دەهێنێت

2025-03-03

 

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان ناسراو بە ئاپیکۆر پێکهاتووە لە هەشت کۆمپانیای نەوت لە هەرێمی کوردستان کە نزیکەی ٦٥ تا ۷۰ لەسەدی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنن. کۆمەڵەی ئاپیکۆر سەرەتا لە کۆمپانیاکانی دی ئێن ئۆی نەرویژی و گەنەڵ ئینێرجی تورکی و گوڵف کیستۆنی ئەمەریکی و ئێچ کەی ئێنی ئەمەریکی پێکهاتووە. دواتر کۆمپانیاکانی وێسترۆن زاگرۆس و شاماران پترۆلیۆم و مۆڵ کالگێریان و هەنت ئۆیڵ یەک لەدوای یەک پەیوەندییان بەکۆمەڵەکەوە کرد. دروستبونی ئاپیکۆر و کۆبونەوەی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی نەوت لە گروپێک و یەکخستنی هەڵوێستیان دەگەڕێتەوە بۆ سەروبەندی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لە شوباتی ۲۰۲٥، دژی کەرتی نەوتی هەرێم و دواتر فشارەکانی بەغدا تا بڕیاری دادگای نێوبژیوانی پاریس و ڕاگرتنی نەوتی هەرێم زیاتر ڕۆڵی کۆمەڵەکەی دەرخست. ئاپیکۆر لە دوو ساڵی ڕابردوو توانی لە ڕێگای دادگاوە شەڕی گرێبەستەکانی کۆمپانیاکان لەگەڵ بەغدا بکات. دواجار دادگای عێراق دانی بەگرێبەستی کۆمپانیاکاندانا و دواتریش لە دوو ساڵی ڕابردوو ڕازی نەبوو بەهەناردەی نەوت بەبێ دیاریکردنی تێچووی دەرهێنانی نەوت. تابەغدا ناچار بوو ڕێکەوتنێکی سودانی و ئاپیکۆر بخاتە ناو یاسای بودجەوەو دەنگی لەسەر بدرێت. بڕیاردرا بۆ هەر بەرمیلێک ۱٦ دۆلار بدرێتە کۆمپانیاکان. لە پرسی یاسایی بوونی گرێبەستەکان و ناچارکردنی بەغدا بۆ مامەڵە کردن لەگەڵیدا و چەسپاندنی تێچووی دەرهێنانی نەوت، ئاپیکۆر لە بەرامبەر بەغدا سەرکەوتوو بوو. کاتێک ۲٨ی شوبات، وەزیری نەوتی عێراق هەناردەکردنی نەوتی ڕاگەیاند و ووتی لە چەند کاتژمێرێکی تر هەناردە دەست پێدەکاتەوە. ئاپیکۆر هەموانی شۆک کرد کاتێک ڕایگەیاند «نەوت هەناردە ناکەن تا قەرزەکانی پێشویان و ئایندەی شایستە دارایەکانیان و گرێبەستەکانیان بە ڕێکەوتنی نوسراو گرەنتی نەکرێت. بەغدای ناچار کرد داوای دانیشتن و ڕێکەوتن بکات». ئاپیکۆر لە بری هەرێم دوو ساڵە بەچڕی شەڕی نەوت لەگەڵ بەغدا دەکات و سەرکەوتوو بووە لە چەسپاندنی خواستەکانی. هێزی ئاپیکۆر لە دوو بابەت سەرچاوە دەگرێت یەکەمیان هەر هەشت کۆمپانیاکە کۆمپانیای ڕۆژئاواین و چەند کۆمپانیایەکی ئەمەریکی تێدایە. ئاسان نییە بۆ بەغدا بە ویستی خۆی مامەڵەیان لەگەڵدا بکات. دووەمیان زۆرینەی نەوتی دەرهێنراوی هەرێم و لە کۆی نزیکەی ۳٤۰ بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی ئێستا نزیکەی ۲۰۰ هەزاری لای کۆمپانیاکانی ئاپیکۆرە. کۆمپانیاکانی ئاپیکۆر کێڵگە نەوتییەکانی تاوکێ و پێشخابور و سەرسەنگ و ئەتروش و شێخان و باشیک و سارتا و گەرمیان و تەقتەق بەڕێوە دەبەن.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color