لەسەر پێدانی بەڕێوەبەرایەتی و تێبینەرایەەتییەكانی تۆماری خانووبەرە بە كەرتی تایبەت بۆ جێبەجێ كردنی سیستمی ئەلیكترۆنی و پێدانی پارەیەكی زۆر لە بودجەی گشتی بە كۆمپانیاكە، پەرلەمانتارێكی یەكگرتوو سكاڵا لەسەر حكومەتی هەرێم تۆمار دەكات. كاوە عەلی، پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایگەیاند: ئەمڕۆ ٣/٣/٢٠٢٥ لە دادگای بەرایی هەڵەبجە، داوای یاساییمان لەسەر سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆجیای زانیاری تۆمار كرد كە فەرمانگەی تەكنەلۆجیای زانیاری هەستاوە بە ئەنجامدانی گرێبەستێك لەنێوان فەرمانگەی تەكنەلۆجیای زانیاری و كۆمپانیای Sewar بە نووسراویان ژمارە ٨٠ لە ٢٥/٨/٢٠٢٤ تایبەت بە دروستكردن و دابینكردنی سیستەمی زیرەك بۆ بەڕێوەبەرایەتیەكان و تێبینەرایەتیەكانی تۆماركردنی خانووبەرە. ئاماژەی بەوەشكردووە،گرێبەستی بە ئەلیكترۆنیكردنی سیستەمی تۆماركردنی خانووبەرە لە هەرێمی كوردستان پێچەوانەی یاسایە، بۆیە ڕۆژی ٢٢/٤/٢٠٢٥ دیاریكراوە بۆ دادبینی لە سكاڵاكە.. ئەمە لەكاتێكدایە، كە بەپێی ئەو نووسراوەی بڵاوبۆتەوە و حكومەتی هەرێم بە “نهێنی” دەریكردووە، بەڕێوەبەرایەتیەكان و تێبینەرایەتیەكانی تۆماركردنی خانووبەرە دەكرێن بە سیستمی زیرەك و دراوە بە كۆمپانیا و بۆ ئەوەش حكومەتی هەرێم زیاتر لە 14 ملیار دینار دەدرێت بە كۆمپانیاكە بۆ دابین كردنی پێویستییەكانی كارەكە و هەموو مانگێكیش بڕی زیاتر لە ملیارێك دیناری پێ دەدرێت، كە ئەمەش پارەیەكی زۆر لەسەر بودجەی گشتی دەكەوێت.