گرنگ

ئازاد تۆفیق: ڕژیمی بەعس نەیتوانی ئیرادەی تاكی كورد بشكێنێت

2025-03-08

 

پارێزگاری كار بەڕێكەری هەڵەبجە ئاماژە بەوەدەكات، ئەوانەی پێیان وایە كورد بگەڕێتەوە باوەشی عێراق و ژێردەستە بمێنێتەوە، كوفری كۆمەڵایەتیی و سیاسی دەكەن، جەختیش دەكاتەوە كە ڕژیمی بەعس نەیتوانی ئیرادەی تاكی كورد بشكێنێت. ئازاد تۆفیق، پارێزگاری كاربەڕێكەری هەڵەبجە بە میدیای پارتی ڕاگەیاندووە: ڕژێمی بەعس سەرەڕای هەموو تاوانكارییە مرۆییەكانی دژ بە كورد و پرۆسەكانی پاكتاوی ڕەگەزی، ئەنفال و كیمیاباران، بەڵام هەرگیز نەیتوانی ئیرادەی تاكی كورد بشكێنێت و خۆشەویستییەكەی بۆ خاك و نیشتمان و نەتەوەكەی لێ وەربگرێت و لە ناوی ببات. ئاماژەی بەوە شكرد، كورد لە هەرێمی كوردستان لە ڕاپەڕین و كۆڕەوە ملیۆنییەكەی ئاداری 1991 بە تێكڕا دەسەڵاتی بەعس و دیكتاتۆریەت و ئەنفال و كیمیاباران و بەبەعسیكردنی ڕەتكردەوە، بۆیە ئەركی ڕاپەڕین بریتییە لە پیرۆزڕاگرتنی بەها نیشتمانی و نەتەوەییەكان و بەرجەستەكردن و ڕەنگدانەوەیان لە واقیعدا. پارێزگاری كاربەڕێكەری هەڵەبجە ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەوانەی پێیان وایە كورد بگەڕێتەوە باوەشی عێراق و ژێردەستە بمێنێتەوە، كوفری كۆمەڵایەتیی و سیاسی دەكەن، هاوكات ڕاپەڕین بۆ بەدەستهێنانی ناسنامەی نیشتمانی و خاك و نەتەوە بوو و هەڵمەت و ئۆپەراسیۆنەكانی ڕژێمی بەعسی دژ بە كورد وەستاند.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color