کێشە خێزانیەکان؛ کاریگەریان لەسەر دەرون و پەروەردەی منداڵ
بوارنیوز،هەولێر
گرفتە خێزانییەکان زۆر دەرئەنجامی نەرێنی لێ دەکەوێتەوە، یەکێک لەدەرئەنجامەکان، کاریگەری خراپە لەسەر دەرون و جەستەی منداڵ، جوتیار فەتاح دەڵێت" کێشە خێزانیەکان یەکێکن لەو هۆکارانەی بونەتە بەربەست لەبەردەم پەروەردەیەکی تەندروست و باشی تاکی کوردی".
جوتیار فەتاح ، ماستەری لەکۆمەڵناسی هەیەو دەڵێت "منداڵ پێکهێنەرێکی گرنگی هەر کۆمەڵگەیەکەو سەرەکیترین پێکهاتەی خێزانە، یەکێکیش لەئامانجە هەرە سەرەکیەکانی دروستکردن و بنیاتنانی خێزان وەچە خستنەوەیە، واتا دروستکردنی منداڵە، ئەگەر ئەم وێنەیە گەورە بکەین بۆمان دەردەکەوێت منداڵ گرنگی و بایەخێکی گەورەی هەیە لەژیانی کۆمەڵایەتی هەر کۆمەڵگەیەک، چونکە ئایندەی کۆمەڵ و وڵات دیاری دەکات، تاوەکو ژینگەی پەروەردەیی منداڵ لەبارو تەندروست بێت، بێگومان تاکێکی باش و بەهێز ئاڕاستەی ناو کۆمەڵ دەکرێت و بە پێچەوانەشەوە، لەڕوی پەروەردەییەوە، خێزان بەپێی زۆربەی قسەی پەروەردەکاران و فەیلەسوفانی تایبەتمەند بەبواری پەروەردە بەیەکەمین قوتابخانە یان یەکەمین دامەزراوەی پەروەردەیی ناساندویانەو پێناسەییان کردوە، کە وابێت خێزان سەرەتای دەستپێکی وەرگرتنی بنەماکانی پەروەردەی هەر تاکێکە، بە تایبەتی پرۆسەی بە کۆمەڵایەتی بون، وەک ئەوەی ئەرستو پێی وایە مرۆڤ بونەرێکی کۆمەڵایەتییە، واتا ناتوانێ بە تەنیا ژیان بکات و پێویستی بە مرۆڤی تر هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵی ژیان بکات، ئەگەر بێت و خێزان لەناو خودی خۆیدا کێشەی هەبێت قورس دەبێت بپڕژێتە سەر پەروەردەکردنی ئەندامانی، چونکە زۆربەی کاتەکانی سەرقاڵی کێشە خودییەکانی خۆی دەبێت، ئەمەش کاریگەریەکی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر پرۆسەی پەروەردە، زۆر جار پەروەردەکارانی کۆمەڵی کوردی ڕەخنەی ئەوە لەخێزانی کوردی دەگرن کەوا خێزان نەیتوانیوە ئەندامەکانی بەباشی پەروەردە بکات، تەنها بەخێوی کردون و بەپێی هەڕەمی ماسلۆ تەنها پێداویستیە فیسیۆلۆژیەکان و ئاسایشی بۆ دابین کردوە".
ئەم کۆمەڵناسە دەڵێت" کێشە خێزانیەکان یەکێکن لەو هۆکارانەی بونەتە بەربەست لەبەردەم پەروەردەیەکی تەندروستی تاکی کوردی، بونی کێشەی خێزانی تەنها بۆ ڕابردو ڕاست نیە، بەڵکو کێشەیەکی گەورەی هەمیشەیی ناو پرۆسەی پەروەردەی کۆمەڵایەتی هەر کۆمەڵگەیەکە، چونکە پرۆسەی پەروەردە دوا دەخات لەناوەوە لەدەرەوەی خێزانیش بەهەمان شێوە منداڵێکی لاوازو بێبڕیار دەنێرینە ناو کۆمەڵ و قوتابخانە، ئەمەش هێندەی تر کێشەکانی بەردەم پەروەردەی منداڵ زیاد دەکات، لەبەر ئەوەی ئەو منداڵەی لەناو خێزانێکی کێشەدار هاتۆتە دەرەوە بەردەوام بیرو خەیاڵی لای کێشەکانی خێزانەکەیەتی، لەبری ئەوەی سەرقاڵی پرۆسەی پەروەردەی فەرمی و خودی خۆی بێت، لەدواجاردا بەردەوامی کێشەکانی دەبێتە هۆی دەست هەڵگرتنی لەخوێندن یان تێپەڕاندنی بەشێوەیەکی نا تەندروستی بێ بەرهەم وەک بەشێکی زۆری تاکی کوردی لەڕابردو و لەئێستاشدا، لەڕوی کۆمەڵایەتی هەر خێزانێک تاکەکانی لەناو کێشەدا گەورەو پەروەردە بکات دەبێت ئەوەش بزانێت، تاکێکی شەڕانگێزو توندوتیژی بەرهەم هێناوەو لەدواجاردا بۆ خودی خۆی، خێزانەکەی و وڵاتەکێشەی کێشە دەننێتەوە، مرۆڤ بونەوەرێکی لاسای کەرەوەیە ئەمە پلاتۆ پێی وایە، واتا هەمو ئەو کێشە خێزانیانەی منداڵ دەیبنێت لەناو خێزانەکەی لەدواجاردا دەبنە تایبەتمەندی ئەو منداڵەو لاسایان دەکاتەوە".
جوتیار گوتی" بەگشتی کێشە خێزانیەکان کاریگەریەکی گەورەو ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر پەروەردەی منداڵ و دروستکردنی کەسایەتی تاک، هەرخێزانێک ویستی ئەوەی هەیە منداڵێکی باش و بەسود بەرهەم بێنێت و تاکێکی بەرهەمدار پێشکەشی کۆمەڵ بکات پێویستیە پێشتر بیر لەکێشەو گرفتەکانی بەردەم پەروەردەکردنی بکاتەوە لەسەروی هەمویانەوە چارەسەرکردنی کێشە خێزانیەکانی ناو خودی خۆی، گەر وا نەبێت ئەوا ناکرێت چاوەڕوانیەکی باشمان هەبێت لەنەوەکانی ئەو خێزانە، بۆیە کاریگەرترین هۆکار بۆ پێشخستنی کۆمەڵ و پەروەردە خێزان خۆیەتی لەدروستکردنی تاکی بە سودی نا گەندەڵ، ئەمەش پەیوەندی بەخودی ژینگە پەروەردەییە خێزانیەکەوە هەیە".