وەزارەتی کارەبای عێراق ڕەزامەندی پیشانداوە لە وەرگرتنەوەی پارەی کارەبا لە فەرمانبەرانی سەربە هەرێم لە قەزای خانەقین ڕەچاوی دۆخی ئابوریان بکرێت و بەپێی کاتی هاتنی مووچە لە هەرێم قەرزی کارەبا بدەنەوە. لەسەر داوای سۆزان مەنسور ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، زیاد فازڵ وەزیری کارەبای عێراق ڕەزامەندی نیشانداوە لە وەرگرتنەوەی قەرزی کارەبای کەڵەکەبوو لەسەر فەرمانبەرانی سەر بە هەرێم لە قەزای خانەقین بەپێی دۆخی گوزەرانیان بێت و ڕەچاوی دواکەوتنی مووچە لە هەرێم بکرێت. سۆزان مەنسور لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی گفتوگۆی لەگەڵ وەزیری كارەبا ڕایگەیاند "لەگەڵ وەزیری کارەبای حكومەتی عێراق دەیانەوێت ڕێگا و میکانیزمێک بدۆزنەوە بۆ دانەوەی قەرزی کەڵەکەبووی کارەبا لەسەر فەرمانبەرانی هەرێم لە خانەقین بەشێوەیەک بێت لەبەرژەوەندی فەرمانبەران بێت". خانەقین، دووەم گەورە شاری پارێزگای دیالەیە و ژمارەیەکی زۆر فەرمانبەری شارستانی و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی تێدا نێشتەجێیە.