بەهۆی هێرشەکانی تورکیا، لەدهۆک ۷٥٪ بەرهەمی هەنگوین کەم بوە
بوار نیوز، دهۆک
لەسنوری پارێزگای دهۆک بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردو، بەهۆی وشکەساڵی و هێرشی تورکیا بۆ سەر ناوچە سنورییەکانی دهۆک بەرهەمی هەنگۆین بە رێژە ۷٥٪ کەم بوە.
خورشید پیرۆمەری، بەرپرسی کۆمەڵەی هەنگەوانانی دهۆک، سەبارەت بەکەمبونەوەی بەرهەمی هەنگوین لەپارێزگای دهۆک بەبوار نیوزی راگەیاند: "ئێستا نزیکەی ۱٠ هەزار سندوقی هەنگ لەسنوری پارێزگای دهۆک هەن، بەڵام ساڵانی رابردو نزیکەی ۳٠ هەزار سندوقی هەنگ هەبون".
خورشید پیرۆمەری وردەکاری شێوازی قەبارەی هەنگوین دەخاتەرو دەڵێت "پێشتر بەرهەمی هەر سندوقێکی هەنگ نزیکەی ٥ کیلۆ بەرهەمی هەبو، بەڵام ئەم ساڵ بەرهەمی هەر سندوقێک بەزەحمەت دەگاتە یەک کیلۆ، چونکە وشکەساڵی کاریگەری لەسەر سروشت و ژیانی هەنگەکان هەبو".
ئەو بەرپرسەی کۆمەڵەی هەنگەوانان پێی وایە ناوچەی بەرواری باڵا زۆرترین بەرهەمی دهۆک لەخۆدەگرێت و دەڵێت "زۆربەی بەرهەمی هەنگوینی دهۆک لەسنوری بەرواری باڵا بو، بەڵام بەهۆی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ئەو ناوچانە هەنگەوانان وازیان لەکاری خۆیان هێناوە".
پیرۆمەری ئاشکرایکرد، ساڵانی رابردو چەند جارێک هەنگوینی دهۆک ناردبوە بازارەکانی دەرەوەی کوردستان، بەڵام ئەم ساڵە ناتوانن هیچ بەرهەمێکی هەنگۆنی دهۆک رەوانەی دەرەوە بکەن.
