فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە ڕاگەیەندراوێكیاندا جەخت لەوە دەكەنەوە كە ئەو شێوازە دامەزراندنەی ئێستا لە پۆلیسی كەركوك مەترسیدارە و بە توندی ئیدانەی ئەو هەڵوێستە پەراوێزخستنە دەكەین كە بەرامبەر پێكهاتەی كورد و پێكهاتەكانی تر لە كەركووك پێڕەو دەكرێت. لە ڕاگەیەندراوەكەی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ئەوەهاتووە، بە توندی ئیدانەی ئەو هەڵوێستە پەراوێزخستنە دەكەین كە بەرامبەر پێكهاتەی كورد و پێكهاتەكانی تر لە كەركووك پێڕەو دەكرێت كە لەم دواییانەدا بە شێوەیەكی مەترسیدار لە دابەشكردنی نادادپەروەرانەی دامەزراندن لە پۆلیسی پارێزگاكەدا دەركەوت. ئاماژەبەوەشكراوە، لەدامەزراندنی پۆلیس لە كەركوك كوردەكان تەنها حەوت پلەی وەزیفییان بەدەست هێناوە، بە بەراورد بە (149) دامەزراندن بۆ پێكهاتەیەكی دیاریكراو، كە ئەمڕۆ دوای تەواوبوونی خولەكەیان دەست بەكار بوون، سەرەڕای ئەوەی رێژەی كورد لە سەرجەم هەڵبژاردنەكاندا نیوە زیاتری تێپەڕاندووە، كە لە ژێر چاودێریی حكوومەتی فیدراڵدا ئەنجام دراوە. فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك جەخت لەوەشدەكەنەوە كە بەردەوامبوونی ئەم سیاسەتە بووەتە هۆی كەمكردنەوەی ڕێژەی نوێنەرایەتیی كورد لە فەرمانگەكانی دەوڵەت لە كەركووك بۆ كەمتر لە 15% كە پێشێلكردنێكی ئاشكرای بنەماكانی دادپەروەری و هاووڵاتیبوونی یەكسانە كە لە دەستووردا دەستەبەر كراوە، كە خەڵكی عێراق دەنگیان پێ داوە.