گرنگ

بوار هۆکاری پێشنیاری هەڵوەشاندنەوەی بەشێک لە مەڵبەند و ئۆرگانەکانی یەکێتی ئاشکرا دەکات

2025-03-29

 

لە کۆنفرانسەکانی دیداری یەکێتی پرسی هەڵوەشاندنەوەی چەند مەڵبەندێک لە قەزاکان خرایەڕوو و تاڕادەیەک بڕیاری لەسەر دراو چاوەڕوان دەکرێت لە دیداری گشتی یەکێتی کە بەمزووانە ساز دەکرێت بڕیاری کۆتای لەسەر بدرێت. بەپێی زانیاریەکانی بوار، هەڵوەشانەوەی چەند مەڵبەندێک و دەستکاریکردنی چەند ئۆرگانێکی مەکتەبەکانی یەکێتی و گۆڕینی شێوازی حزبایەتی پڕۆژەی قوباد تاڵەبانییە و دەیەوێت هەنگاو بە هەنگاو شێوازی کاری حزبی یەکێتی بگۆڕێت. قوباد تاڵەبانی پێیوایە ستایلی ئێستای کاری حزبی یەکێتی، لەگەڵ سەردەمی ئێستادا ناگونجێت و شێوازێکی تەقلیدیە و کاریگەری زۆر کەمە. بوونی ئۆرگانی زۆر جگە لە زۆری خەرجی هەڵاوسانی زۆری بۆ یەکێتی دروستکردووە و بەزیانی یەکێتی شکاوەتەوە. بەپێی زانیارییەکان، دەستوەردانی مەڵبەندەکان لە قەزاکان لە کاروباری حکومەت و دەزگا ئەمنییەکان لە ڕابردوو جۆرێک لە نیگەرانی لای قوباد تاڵەبانی و بەشێک لە بەرپرسانی یەکێتی دروستکردووە. چونکە بەرپرسی مەڵبەندەکان ئەندامی سەرکردایەتین و قایمقام و بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی قەزاکان و بەرپرسانی ئەمنی لەو قەزایانە ناتوانن ڕێگری لە دەستوەردانیان بکەن. قوباد تاڵەبانی پێی وایە هەڵوەشانەوەی ئەو مەڵبەندانە بە کەمکردنەوەی دەستوەردان و باشترکردنی ئەدای حکومەت و دەزگا ئەمنیەکان دەبێت. لەماوەی ڕابردوو قوباد تاڵەبانی لە ڕێگای مەڵبەندی دیراساتی گشتی یەکێتی هەڵسەنگاندنیان بۆ شێوازی کاری ڕێکخستن و دۆخی ئۆرگانەکان و بوونی مەڵبەند لە چەند قەزایەک کردووە. هەڵوەشاندنەوەی مەڵبەندی قەزاکان بەبژاردەیەکی باش زانراوە و کار لەسەر ئەوە دەکرێت لە دیداری یەکێتی بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی مەڵبەندەکانی کۆیەو چەمچەماڵ و شارەزوور و حەمرین و قەرەچوغ و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کەرکوک وەک قۆناغی یەکەم بدرێت. دواتر مەڵبەندەکانی خانەقین و ڕاپەڕین و گەرمیان و سۆران هەڵبوەشێنەوە یان بچوک بکرێنەوە و بە شێوازێکی تر ڕێک بخرێن.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color