لە سەرەتای ساڵی ۲۰۱۲ هەوڵێک لە عێراق هەبوو بە دەستپێشخەری ئەیاد عەلاوی و مەسعود بارزانی و پاڵپشتی چەند سەرکردەیەکی تر کە متمانە لە نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی عێراق وەربگیرێتەوەو زۆرینەیەکی پەرلەمانی کوردی و سونی و چەند لایەنێکی شیعە دروستکرا. بەڵام دواجار تاڵەبانی وەک سەرۆک کۆماری ئەو کاتی عێراق نەچووە ژێرباری هەوڵەکەی بارزانی و عەلاوی و پلانی لادانی مالکی شکستی هێناو بارزانی لەم هەنگاوەی مام جەلال نیگەران بوو تا جەژنی ڕەمەزانی ۲۰۱۲. بەپێی زانیارییەکان، چەند مانگێک پێش نەخۆشکەوتنی کۆتایی مام جەلال، مام جەلال نامەیەک بە دەستنوسی خۆی بۆ مەسعود بارزانی دەنێرێت و داوای بەخشینی لێ دەکات و بەیتێکی شیعری بۆ دەنوسێت. ئەمەی خوارەوە دەقی نامەکەی مام جەلالە بۆ مەسعود بارزانی: برای خۆشەویستم جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی بەڕێز سڵاوێکی برایانەی گەرم، جەژنتان پیرۆز بێت لە خۆتان و بنەماڵەی سەروەری بارزان و هەموو ئەندامان و لایەنگران و پێشمەرگەکانی (پ . د . ک) ، ئەم نامەیەم، هەم بە نیمچە گلەیی برایانە، هەم بە داوای لێبوردنی برایانە لێ وەربگرن. براگیان دوا بڕیاری ژیانم ئەمەیە کە تا مابم لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی دۆست و هاوخەبات و تەبا دەبم، بە هیچ شێوەیەک ناهێڵم تێکبچێت. کە هەندێک قسەی جەنابتم دەبیستەوە، بە هەڤاڵانم دەوت گەر کاک مەسعوود ئیعلانی هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانی ستراتیژی بکات، من ئیعلانی نوێ کردنەوە و بە هێزکردنی دەکەم، گەر دەرگامان لێ داخات لە پەنجەرەیەکەوە دەچینە لای. ئێستاش کوورتییەکەی و کوردییەکەی ئەمەیە. گریمان گلەییەکەی جەنابت لە بابەتی مالیکی ڕاست و ڕەوایە، بەڵام من بە هەقی خۆمی دەزانم بڵێم بە برایەتیمانی ببەخشە، بەو چاکانەی بۆ دەژمێری کە کردوومانە بە یەکێکیان بیسڕەوە عەفوم بکەن و شوێنەوارەکەی لە دڵت بسڕەوە و نێوانمان بەرەوە دۆخی جاران، ئەم بەیتە هۆنراوەیەشم لێ قبووڵ بکە کە بۆ شێخی تەم نووسراوە: حەیفە چاوی کە جەفا کولەوژی تیدا شکاند تۆ بە کلوچی وەفا عەینی گەلاوێژی نەکەی ئیتر هیوادارم لەناو دڵە گەورەکەتان جێگەمان هەر بمێنێت و هەربژی بۆ برای دڵسۆز و هەتا سەرتان مام جەلال (بەرلین)