گرنگ

سەرجەم بەڕێوەبەری فەرمانگە ناحكومییەكان لە هەولێر دەستیان لەكار كێشایەوە

2025-04-06

 

بە بیانووی هەبوونی گەندەڵی زۆر لە فەرمانگە ناحكومییەكانی سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، ئەمڕۆ لە بەردەم دادگای هەولێر بەڕێوەبەری فەرمانگە ناحكومییەكان دەستلەكار كێشانەوەیان لە پۆستەكانیان ڕاگەیاند و داواكارییەكیشیان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد ئاكۆ حەمە ئەمین، بەڕیوەبەری یاسایی لە فەرمانگەی ڕِێكخراوە ناحكومییەكان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری بوار ئامادەیی بوو، بەناوی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكان ڕایگەیاند: ئەمڕۆ یەك شەممە 6/4/2025 سەرجەم بەڕیوەبەری فەرمانگە ناحكومییەكان دەستمان لە پۆستەكانمان هەڵگرت و داوای گواستنەوەی ڕاژەكانمان دەكەین، ئەوەش بەهۆكاری هەبوونی گەندەڵی دارایی كارگێڕی و یاسایی لە فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكومییەكانی سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم. ئاماژەی بەوەشكرد، ( فەلاح حەسەن) لەسەرەتای دەستبەكار بوونی وەك سەرۆكی فەرمانگەی رٍێكخراوە ناحكومییەكان لە 1/7/2024 تا ئەمرۆ چەندین پێشێلكاری گەورەی یاسایی ئەنجامداون، وەك گەندەڵی دارایی و بەهەدەردانی سامانی گشتی، هاوكات سەرۆكی فەرمانگە و جێگرەكەی مانگانە 60 ملیۆن دینار لە پارەی پێشینەی فەرمانگەكەمان بەهەدەر دەدەن بەبێ‌ هەبوونی هیچ بەڵگەو پسوولەیەكی یاسایی. ئەوەشی خستەڕوو، بەڕێوەبەری دارایی فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكومییەكان چوار مانگ بەرلەئێستا یاداشتی ئاراستەی سەرۆكی فەرمانگە كردووە، بەڵام تا ئێستا سەرۆكی فەرمانگە نەیهێشتووە بەدواداچوون بۆ كاری هیچ ڕێكخراوێك بكرێت و بەڕێوەبەرایەتی بەدواداچوونی سڕكردووە و ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێكخراوەكانی وەرنەگرتووە، ئەمەش وایكردووە كە بە ملیۆنان دۆلار سپیبكرێتەوە و پارەداركردنی تی#رۆر ئەنجام بدرێت، هاوكات ڕێكخراوەكانی پێدانی قەرز بە نایاسایی بەڕێژەی زیاد قەرز بەهاووڵاتیان دەدەن، بەم هۆیەوە دەیان ملیۆن دۆلاریان بەهاووڵاتیان داوە ئەوەش پێشێلكاری زەقی كاری ڕێكخراوەییە. بەڕیوەبەری یاسایی لە فەرمانگەی ڕِێكخراوە ناحكومییەكان باسی لەوەشكرد، ڕێگە پێدان و نوێكردنەوەی مۆڵەتی ڕێكرخاوەكانی هاوڕەگەزبازی و هەوڵدان بۆ ترماركردنی ڕێكخراوی لەم شێوەیە وكە ئەم بابەتە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ڕەوشتی گەلەكەمانەوە هەیە، بۆیە داوا لە سەرۆكی حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین دژی ئەم كاروهەڵسوكەوتانە بوەستنەوە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color