بەڕێوەبەری گشتی چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان ئاماژە بەوەدەكات بە جێبەجێكردنی پرۆژەیاسای لێبووردنی گشتی، زیاتر لە دوو هەزار زیندانی ئازاد دەكرێن، جەختیش دەكاتەوە كە لێبووردنە گشتییەكەی عێراق، هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە و هەرێمی كوردستان یاسای لێبووردنی تایبەتی خۆی دەبێت. ئیحسان عەبدولڕەحمان بابان، بەڕێوەبەری گشتیی چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند: پرۆژەیاسای لێبووردنی گشتی ئامادەیە و لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانە، دوای كارابوونی پەرلەمانی كوردستان، پرۆژەكە رەوانەی پەرلەمان دەكرێت بۆئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت و پەسند بكرێت. ئاماژەی بەوەشكرد، بە پەسندكردنی پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی، زیاتر لە دوو هەزار زیندانی سوومەند دەبن و ئازاد دەكرێن، هاوكات لە هەرێمی كوردستان شەش چاكسازی هەن دوو لە هەولێر، دوو لە سلێمانی و دووانەكەی دیكە لە دهۆكن كە زیاتر لە پێنج هەزار و 700 سزادراو لەنێویاندا سزاكانیان بەسەر دەبەن. بەڕێوەبەری گشتیی چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، لێبووردنە گشتییەكەی عێراق، هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە و هەرێمی كوردستان یاسای لێبووردنی تایبەتی خۆی دەبێت، لە عێراق پڕۆژە یاسای لێبووردنی گشتی لە دانیشتنی رۆژی 21ی كانوونی دووەمی 2025 لە پەرلەمانی عێراق پەسند كرا و تاوەكو ئێستا زیاتر لە هەزار زیندانی ئازاد كراون.