محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە هەولێرەوە پشتیوانی خۆی بۆ وتوێژی نێوان هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و داوای لێكردن پەلە بكەن لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەوەی خستووەتەڕوو، ئەمڕۆ شەممە لە هاوینەهەواری سەلاحەدین لە پارێزگای هەولێر لەگەڵ سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان( مەسعود بارزانی) كۆبوەوە، پێداچونەوە بە بارودۆخ و دۆسییەكانی سەر ئاستی نیشتمانی كرا، لە چوارچێوەی پابەندبونی حكومەت بە بنەمای هاوبەشی نیشتمانی و پەیوەندی كردن لەگەڵ هێزە سیاسییەكان. ئاماژە بەوەشكراوە، سودانی پشتیوانی خۆی بۆ وتوێژی نێوان هێزە سیاسییەكانی هەرێم دەربڕی و داوای لێكردن دوای هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەی پەرلەمانی كوردستانی عێراق پەلە بكەن لە پێكهێنانی حكومەتی نوێ لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەشهاتووە، مەسعود بارزانی ستایشی سیاسەتی هاوسەنگی حكومەتی فیدراڵی كرد، بەرامبەر پێشهاتەكانی ناوچەكە و پابەندبونی بە پاراستنی بەرژەوەندییەكانی عێراق و پەیوەندیكردن و ڕاوێژی بەردەوام لەگەڵ هێزە سیاسییە نیشتمانییەكان لەسەر هەمو دۆسیەكان.