یەكێك لە ئەندامانی شاندی دانوستانكاری ئێران لە عومان، بە دزینی قەڵەم تۆمەتبار دەكرێت، هاوكات باڵوێزی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە عومان دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دزرانی قەڵەمەكە، هەڵوێستی خۆی راگەیاند و هەواڵەكەی بە ساختە و ناڕاست ناو برد. بەپێی ئەو دەنگۆیەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تەنیوە، كازم غەریبئابادی كە یەكێك بووە لە ئەندامانی شاندی دانوستانكاری ئێرانی بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمەریكا، قەڵەمەكەی خستووەتە گیرفانیەوە، قەڵەمەكە لە جۆری جاف بووە و ئاوەزێڕ كراوە، یان پێدەچێ لە زێڕ دروست كرابێت و عومان بۆ ئەو كۆبوونەوەیە دابینی كردبێت. دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگۆیە، مووسا فەرهەنگ باڵوێزی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە عومان، لە پەیامێكدا ئەو دەنگۆیە رەت دەكاتەوە و دەڵێت، لەو شوێنەی دانوستانەكە كرا هیچ مێزێك و هیچ قەڵەمێك نەبوو. ژمارەیەك هاووڵاتی رەخنەیان لەو رەفتارەی شاندی دیپلۆماتكاری ئێران گرتووە و نووسیویانە، ئەوەی ئەو دیپلۆماتكارانە دەیكەن حەیابەرەیە و ئەو شتە لە كولتووری ئێران ناوەشێتەوە، هاوكات یەكێكی تر نووسیویەتی رەنگە ئەوە گەورەترین دەستكەوتی كۆماری ئیسلامی بێ كە لەو دانوستانەدا لەگەڵ شاندی ئەمەریكا بەدەستی هێناوە.