وەزارەتی تەندروستی عێراق ئەمڕۆ شەممە بلاویكردەوە كە لەماوەی ئەمساڵدا 14 حاڵەتی تای خوێنبەربوون و دوو حاڵەتی گیان لەدەستدان لە عێراق تۆمار كراوە، هاوكات پارێزگای زیقار زۆرترین حاڵەتەكانی توشبوون تۆماركراوە. سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئەمڕۆ شەممە بڵاویكردەوە،لەمساڵدا 14 حاڵەتی تای خوێنبەربوون و دوو حاڵەتی مردن لە سەرانسەری عێراق تۆمار كراوە، بەجۆرێك شەش حاڵەت لە پارێزگای زیقار تۆمار كراوە، چوار حاڵەت لە كەركووك، هەروەها لە بەغدا و موسەننا، نەینەوا و بەسرە لەهەریەكەیان یەك حاڵەت هەبووە. ئاماژەی بەوەش كردووە، لە پارێزگای كەركووك دوو كەس بەهۆی توشبوونیان بە تای خوێن بەربوونەوە گیانیان لەدەستداوە، كە یەكێكیان كارمەندی وەزارەتی تەندروستی بووە، هەروەها زۆربەی تووشبووەكان لەنێو ئاژەڵدارەكاندا تۆمار كراون و ئەگەر تووشبوونەكە زوو دەستنیشان بكرێت، چارەی بۆ دەكرێت. وتەبێژەكەی وەزارەتی تەندروستی ئەوەشی خستووەتەڕوو، داوا لە هاووڵاتیان دەكەین، ئەگەر نیشانەكانی نەخۆشیەكەیان لێ دەركەوت، سەردانی بنكە تەندروستییەكان بكەن، چونكە تای خوێنبەربوون نەخۆشییەكی ڤایرۆسیی مەترسیدارە كە لەلایەن ئاژەڵە تووشبووەكانەوە یان گۆشتەكانیانەوە دەگوازرێتەوە. باسی لەوەش كرد "ساڵی ڕابردوو ژمارەی تووشبوون و گیان سپاردن تۆماركرا بوو. جەختیشی كردەوە، پێویستە گۆشت لە پلەی گەرمیی نزم هەڵبگیررێت، لە كاتی ئامادەكردنیدا بۆ خواردن، ماوەیەكی زۆر بكوڵێنرێت