نزای نیشتمانی یان ئایینی ئیبراهیمی ؟ رۆژانی 22-25ی4ی2025 لە شاری هەولێر مەراسیمێک بە بەشداری سەرجەم پێکهاتە ئایینیەکان و کەسایەتی و میوانێکی زۆری ناوخۆو دەرەوە بەناونیشانی (رۆژی نزای نیشتمانی) بەرێوە چوو. بەداخەوە دوای تەواوبوونی مەراسیمەکە خەڵکانێک بێ زانیاری و لەپێناو مەرامی کەسی و تایبەتی کەوتنە تانەو قسەو قسەڵۆکی جۆراوجۆرو داتاشینی کۆمەڵێک خوێندنەوەی بێ بنەما، گوایە ئەو مەراسیمە سەرەتاو بانگەشەیە بۆ راگەیاندنی ئایینی ئیبراهیمی لە کوردستان!! دەمەوێ ئەوە بڵێم: ئەو بانگەشەیە هیچ بنەمایەکی دروستی نیەو پێچەوانەی هەموو داب و دەستوورێکە، چونکە کەس ناتوانێت ئایینێکی نوێ دابهێنێت، بەڵکو دوایین ئایین ئایینی ئیسلامە، وەک خوای گەورە دەفەرموێت: (إِنَّ الدِّينَ عِنْدَ اللَّهِ الْإِسْلَامُ)، (الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي وَرَضِيتُ لَكُمُ الْإِسْلَامَ دِينًا). بەڵام هەر ئەو ئیسلامە چەندین بنەمای تێدایە بۆ بایەخدان بە پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و قبوڵکردنی جیاوازییەکان، خودی مەراسیمەکە لەپێناو بەرز نرخاندنی پێکەوەژیان بوو نەک داهێنانی ئایینێکی تر. ئەو رۆژە کە ناونرا رۆژی نزای نیشتمانی لەبەر ئەوە نیە بانگەشە بێت بۆ ئەو جۆرە ئایینەی کەسانێک لە بێئاگایی ناوی دێنن یان خەڵکی پێ چەواشە دەکەن، بەڵکو نزا لەناو هەموو ئایینە ئاسمانیەکان هەیەو وەک دروشمێکی ئایینی پێکهاتە ئایینیەکان شتێکی رێگە پێدراوو ئاساییە، وە لەو مەراسیمە هیچ تەقسێکی دیاریکراو یان بانگەشەو داواو ئاماژەیەک نەبووە بۆ دیاریکردنی ئایینێکی نوێ بەناوی ئایینی ئیبراهیمی، بەڵکو ئەمە سەکۆییەکی گرنگی کۆکەرەوەی سەرجەم پێکهاتەکان بوو لە کوردستان بۆ ئەوەی تەئکید لە پێکەوەژیانی ئایینی و ئەو سیما جوانەی پێکەوەیی لە کوردستان بکرێتەوە. لەم مەراسیمە سەرۆک مەسعود بارزانی وێڕای تەئکید کردن لە قوڵکردنەوەی پێکەوەژیانی ئایینی، لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە ئایەتێکی قورئان کرد؛ کە ئەمە خۆی لە خۆیدا بیرخستنەوەی ئامادەبووان بوو، کە فەرهەنگی گەلی کوردو زۆرینەی پەیڕەوانی ئایینی ئیسلام ئەو راستیە دووپاتدەکەنەوە، کە پێکەوەژیان بەپێی ئەم ئایەتەی خوێندرایەوە رێزگرتنە لە ئیرادەو ویستی خوای پەروەردگار نەک داهێنانی ئایینێکی نوێ. تاوانێکی گەورەشە کە مرۆڤ بریار لە شتێک بدات کە زانیاری لە سەر نەبێت؛ هەر وەک خوای گەورە دەفەرمووی: (وَلَا تَقْفُ مَا لَيْسَ لَكَ بِهِ عِلْمٌ) وەیا چەواشەی ڕاستیەکان بکات، هەر وەک خوای گەورە دەفەرمووی: (يُحَرِّفُونَ الْكَلِمَ عَنْ مَوَاضِعِهِ). د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستان