كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی شاندی باڵای یەكێتی و پارتی لە دووكان لەبارەی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەت، كۆتایی هات ئەوەش بە بێ ئەوەی ئەو دوو لایەنە بگەنە ڕێككەوتنێكی كۆتایی لەسەر دابەشكردنی پۆستە حكومییەكان. بەگوێرەی زانیارییەكانی بوار، لە كۆبوونەوەكەدا مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی سەرۆكایەتیی هەردوو شاندی دانوستانكاری پارتی و یەكێتییان كردووە، بەڵام نەیانتوانیوە بگەنە ڕێككەوتن لەسەر دابەشكردنی پۆستە سیادی و باڵاكان. شاندی باڵای پارتی پێكهاتبوو لە (هۆشیار زێباری، پشتیوان سادق)، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و (دڵشاد شەهاب و ئومێد سەباح)، ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی شاندی باڵای یەكێتی پێكهاتبوو لە(قوباد تاڵەبانی، ئامانج ڕەحیم، دەرباز كۆسرەت ڕەسووڵ،نزار ئامێدی، ڕێواز فایەق، شاڵاو سەلاح شێخ شەرەف، ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی. هۆكاری نەگەیشتنە ڕێككەوتنی یەكێتی و پارتی لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ ئەوەبووە كە یەكێتی داوایكردووە هاوسەنگی لە دابەشكردنی پۆستە سیاسی و باڵاكان بكرێت لەنێوان یەكێتی و پارتی، لەبەرامبەردا پارتی پێی وابووە دەبێت لەسەر بنەمای بەدەستهێنانی دەنگ و ژمارەی كورسی پەرلەمان پۆستەكانی حكومەت لەنێوانیاندا دابەشبكرێت.