گرنگ

وردەكاری شكستهێنانی دانوستانەكانی پارتی و یەكێتی

2025-04-28

 

كۆبونەوەی لیژنەی باڵای دانوستانی پارتی و یەكێتی بەسەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی و مەسرور بارزانی بەبێ هیچ ئەنجامێك كۆتایی هات. بەپێی زانیارییەكان، هۆكاری شكستهێنانی دانوستانەكانی پارتی و یەكێتی بۆ دەگەڕێتەوە كە هەر یەكەیان تێروانینی جیاوازیان هەیە لەسەر شێواز و میكانزمی دابەشكردنی پۆستەكان. یەكێتی داوای هاوسەنگی دەكات لە دابەشكردنی پۆستەكان و پارتیش پێی وایە دەبێت بەپێی قەبارەی كورسی پەرلەمانی پۆست بدرێت بە یەكێتی. تیمی دانوستانكاری پارتی پێیان وایە لە كاتێكدا دەكرێت یەكێتی داوای هاوسەنگی بكات كە ئەگەر ژمارەی كورسییەكانی نزیك بێت لە ژمارەی كورسییەكانی پارتی. تیمی دانوستانكاری یەكێتیش پێی وایە كە بابەتی ژمارەی كورسی گرنگ نییە و نفوزی یەكێتی لە زۆنێكی گەورەی كوردستاندایەو دەسەڵاتی ئابوری و عەسكەری بەسەر نیوەی خاكی هەرێمی كوردستانەو دەبێت بەپێی ئەو پێوەرە پۆستەكان دابەش بكرێت. بەپێی زانیارییەكان، لە كۆبونەوەكەدا یەكێتی داوای پۆلێنكردنی پۆستەكانی كردووە بەم شێوەیە: یەكەم: سەرۆكایەتیەكانی حكومەت و هەرێم و پەرلەمان و ئەنجومەنی دادوەری بكرێتە یەك پاكێج و بە هاوسەنگییەوە ئەو پۆستانە دابەش بكرێن. دووەم: هەر یەك لە پۆستی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش و وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەو پلاندانان و دارایی و سامانە سروشتییەكان وەك وەزارەتی سیادی مامەڵەیان ڵەگەڵدا بكرێت و راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش ئەگەر بۆ پارتی بێت ئەوا دەبێت پۆستی وەزیری ناوخۆ بۆ یەكێتی بێت. سێیەم: یەكێتی دەیەوێت وەزارەتە خزمەتگوزارییەكان كە ژمارەیان 13 وەزارەتە بكرێتە یەك پاكێج و لایەنی كەم پێنج لەو وەزارەتانە وەك پشكی یەكێتی یەكلایی بكرێنەوە. چوارەم: یەكێتی دەیەوێت سەرجەم دەستەو فەرمانگەكانی دیكەی حكومەتی هەرێم بكرێن بە یەك پاكێچ و بە نزیكەیی نیوەی ئەو پۆستانە بدرێن بە یەكێتی و نیوەی دیكەشییان بۆ پارتی بن. یەكێتی پێی وایە پارتی ئیستیغلالی بەشێك لەو پۆستانەی كردووەو لە كابینەكانی ڕابردوو هیچ لەو پۆستانە نەخراونەتە نێو دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی حكومەت و پارتی خۆی ئەو پۆستانەی بە تەنیا پڕ كردوونەتەوە. بەپێی زانیارییەكان، پارتی سەرجەم داواكارییەكانی یەكێتی ڕەتكردوونەتەوەو پێی وابووە ئەوەی یەكێتی داوای دەكات لە قەبارەی خۆی زیاترەو دەبێت یەكێتی بە پێی ژمارەی كورسییە پەرلەمانییەكانی پۆستی پێبدرێت.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color