لەکاردانەوەی ڕووداوی هێرش کردن بۆ سەر زیاد جەبار بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی یەکێتی بڕیاردرا هێزەکانی کۆماندۆ و ئۆپەراسیۆن و دژەتیرۆر لە پاراستنی مەراسیمەکان دوور بخرێنەوەو هێزێکی نۆی لە ئەندامانی سەرجەم هێزە ئەمنییەکان پێک بهێنرێت و پاراستنی بۆنەو مەراسیمەکان لەئەستۆ بگرێت. بەپێی زانیارییەکان، هێزەکە لە ۳۰۰ کەس پێک دێت. بەجۆرێک لەهەر کاتێکدا ۱۰۰ کەسیان لە دەوامدا بن و لەسەرجەم هێزە ئەمنییەکان هەڵدەبژێردرێن و ڕاهێنانی پڕۆتۆکۆڵ و چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بەڕێوەبردنی بۆنەکان و کۆنترۆڵکردنی دۆخی لەناکاو لە مەراسیمەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان و میدیاکاران دەکەن. بڕیارە هێزەکە لە کەسانی خاوەن بڕوانامەی ناو دەزگا ئەمنیەکان هەڵببژێردرێن و ئەندامانی هێزەکە لەو کەسانە بن پێشتر لیژنەی سەربازیان لەسەر پێک نەهێنرابێت و سزا نەدرابن. دوای ڕووداوی هێرش کردنە سەر زیاد جەبار بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی یەکێتی بەبڕیاری سەرۆکی یەکێتی زیاد جەبار ئەرکی ڕێکخستنەوەو پێداچوونەوەی هێزە ئەمنیەکانی پێ سپێردراو لەیەکەم هەنگاو بڕیاری دوور خستنەوەی سەرجەم هێزە جیاوازەکان لە مەراسیمەکان درا و بەم هێزە نوێیە شوێنیان پڕ دەکرێتەوە.