وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات، پلانیان وایە تا ساڵی ٢٠٢٨ گەشە بە كەرتەكانی كشتوكاڵی و پیشەسازی و گەشتیاری بدەن و هەمەچەشنی لە سەرچاوەكانی داهاتدا دروستبكەن داهاتی نانەوتی بگەیەننە 79 ترلیۆن دینار. عەبدولزوهرە هنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی پلانەكانیاندا لە ساڵی ٢٠٢٤ بۆ ٢٠٢٨ داهاتی نەوت لە ٨٩٪ بۆ ٨٧٪ كەمدەبێتەوە و ئامانجیانە داهاتی نانەوتی زیادبكەن و بیگەیەننە ٧٩ ترلیۆن دینار. ئاماژەی بەوەشكردووە، لە چوارچێوەی پلانەكانیاندا دەیانەوێت لەڕێگەی داهاتی ناوخۆ و بە سەرەكیتر لەڕێگەی كەرتەكانی كشتوكاڵی و پیشەسازی و گەشتوگوزارییەوە داهاتی وڵات زیادبكەن بۆئەوەی پشتبەستن بە داهاتە نەوتییەكان كەمتر بكەنەوە.