گرنگ

نوخشە ناسیح: كاتی ئەوەهاتووە ئیتر هەڵەبجەییەكان پێبكەنن

2025-04-29

 

پارێزگاری هەڵەبجە بە وەكالەت ئاماژە بەوەدەكات دوای 37 ساڵ بەسەر كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا ئێستا كاتی ئەوەهاتووە ئیتر هەڵەبجەییەكان پێبكەنن، ئەوەش دوای ئەوەی ئەمڕۆ سەرۆككۆماری عێراق واژۆی لەسەر یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە كرد. نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بە وەكالەت رایگەیاند: سەرۆكۆمار پێی راگەیاندین بەهیچ جۆرێك دەستبەرداری هەڵەبجە نابین، چونكە لەئەمڕۆوە قۆناغی ئاوەدانی و گەشەسەندنی هەڵەبجە دەستپێدەكەین، بۆیە دەمەوێت پیرۆزبایی لە هەموو خەڵكی كوردستان و كەسوكاری شەهیدان و هەڵەبجەییەكان بكەم بۆ ئەم رۆژە مێژووییە. ئاماژەی بەوەشكرد، دوای 37 ساڵ بەسەر كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا ئێستا كاتی ئەوەهاتووە ئیتر هەڵەبجەییەكان پێبكەنن، هاوكات ئەو پێنووسەی كە واژۆكەی پێكراوە لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە دایدەنێین و ئەركەكەمان وەك ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە لە ئەمڕۆوە دەستپێدەكات بە خزمەتكردنی كەسوكاری شەهیدان و بوژاندنەوەی پارێزگاكەمان. پارێزگاری هەڵەبجە بەوەكالەت ئەوەشی وتووە، لە پارێزگای هەڵەبجە چەند بەڕێوەبەرایەتییەكی فیدڕاڵیمان هەیە وەك پاسپۆرت و پسوڵەی خۆراك و ژمارەی ئۆتۆمبێلی خۆمان، ئێمە پێشتریش بەشێوەیەكی زمنی پارێزگابووین، تەنها رووە یاسایی و ئیدارییەكانی مابوو، خۆشبەختانە دوای ئەم قۆناغە دەتوانین دەستبكەین بەرێككارەكان.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color