بەپێی زانیارییەكانی بوار، لە كۆبونەوەی رۆژی 27ی نیسانی نێوان پارتی و یەكێتیدا بەو شێوەیە باس لە پۆستی سەرۆكی هەرێم نەكراوە كە لە میدیاكانەوە بڵاوكراوەتەوە. بەپێی زانیارییەكان، تەنیا لە بەشێكی گفتوگۆكاندا باس لە پۆستی سەرۆكی هەرێم كراوە ئەویش لەسەر زاری قوباد تاڵەبانی بووەو قوباد تاڵەبانی لە دەربڕینەكەیدا بەرامبەر شاندی پارتی گوتویەتی "مادام ئێوە ئامادەنین پۆستی سەرۆكی هەرێممان پێبدەن، ئەوا دەبێت پارتی لە پۆستی وەزارەتە سیادییەكاندا قەرەبووی یەكێتی بكاتەوە". جگە لەو دەستەواژەیەی كە قوباد تاڵەبانی لە گفتوگۆكانیدا دەربڕیوە بەشێوەیەكی فەڕمی یەكێتی داوای پۆستی سەرۆكی هەرێمی نەكردووە تا پارتی ئامادە نەبێت ئەو پۆستە بدات بە یەكێتی. لە دوای كۆتایی هاتنی كۆبونەوەی رۆژی 27ی نیسان هەواڵی ئەوە بڵاوكرایەوە كە گوایە یەكێـتی داوای پۆستی سەرۆكی هەرێمی كردووە بەڵام پارتی ڕەتیكردووەتەوە ئەو پۆستە بدات بە یەكێتی.