وا بڕیارە ئەمڕۆ شەش لایەنەکەی دەرەوەی پارتی و یەکێتی بۆ تەواوکردنی وردەکارییەکانی لیستە هاوبەشەکەیان، جارێکی دیکە لە شاری سلێمانی کۆببنەوە. بەپێی زانیارییەکانی بوار، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەمە، لە ئۆفیسی رەوتی هەڵوێست لە شاری سلێمانی، هەریەک لە نەوەی نوێ، یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی دادگەریی، بەرەی گەل، رەوتی هەڵوێست، بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی، د.یوسف محەمەد و د.بەهار مەحمود، پەرلەمانتارانی پێشوی عێراق، جارێکی دیکە کۆببنەوە بۆ تەواوکردنی وردەکاری هاوپەیمانی خەڵک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق. ماوەی نزیکەی دوو مانگە ئەو هێزە سیاسییانە لە گفتوگۆدان بۆ دروستکردنی بەرەیەکی فراوان لە دەرەوەی لیستی پارتی پارتی و یەکێتی. بەشێوەیەکی مەبدەئی تا ئێستا سەرجەم هێزەکان باوەڕیان بە دروستکردنی لیستی هاوبەش هەیە، بەڵام لە بارەی چۆنییەتی ڕێککەوتن و بەرنامەی لیستەکە بۆ دوای هەڵبژاردن تا ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنێکی هاوبەش.