سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی لەبارەی بڕیارەكەی پە#كەكە لەبارەی خۆهەڵوەشاندنەوەیان و دانانی چەك بڵاوركردەوە كە تیایدا ستایشی ڕۆڵی سەرۆكی توركیا دەكات لەو پرۆسەیەدا، هاوكات ئامادەیی هەرێمی كوردستانیش بۆ سەر خستنی پرۆسەی ئاشتی دووپاتدەكاتەوە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم لە پەیامەكەیدا ئەوەی ڕایگەیاندووە: پێشوازی لە بڕیاری پە#كەكە بۆخۆهەڵوەشاندنەوە و چەكدانان و بەپیرەوەچوونی بانگەوازی بەڕێز ئۆ#جالان دەكەین و بە هەنگاوێكی چارەنووسسازی دەزانین كە لاپەڕەیەكی نوێ لە ناوچەكەدا دەكاتەوە، ئەم هەنگاوە نیشانەی پێگەیشتنی سیاسییە و ڕێگە بۆ دیالۆگێكی ڕاستەقینە دەكاتەوە كە پێكەوەژیان و سەقامگیری لە توركیا و سەرتاسەری ناوچەكە بەهێز دەكات. ئاماژەی بەوەشكردووە، ئێستا كاتی ئەوەیە و هەمووان چاویان لەوەیە ئەم هەنگاوە گرنگە بە هەنگاوی دیكەی ئەرێنی و پێویست لەلایەن هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە وەڵام بدرێتەوە،ئەمە زەمینەیەكی دروست و گونجاو دەهێنێتە ئاراوە و دەبێتە بنەمای ئاشتییەكی هەمیشەیی و گشتگیر كە كۆتایی بە دەیان ساڵ لە توندوتیژی و ئازار و مەینەتی دەهێنێت و ناوچەكە بەرەو ئاسۆی نوێی پێشكەوتن دەبات. سەرۆكی هەرێم ئەوەشی وتووە، وێڕای ستایش و پێزانین بۆ ڕۆڵی سەرۆك ئەردۆغان لە پشتگیریكردن و هەوڵەكانی بۆ سەرخستنی پرۆسەكە، دووپاتی دەكەینەوە كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە پشتگیریی هەموو هەوڵێك بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان بە شێوەیەكی ئاشتیانە دەكات و هیوادارین ئەم دەستپێشخەرییە ببێتە خاڵی وەرچەرخانێكی یەكلاكەرەوە، هەروەها ئامادەیی تەواوی خۆمان دەردەبڕین بۆ بەردەوامی لە پێشكەشكردنی هەر جۆرە یارمەتی و هاوكارییەك بۆ سەركەوتنی ئەم دەرفەتە مێژوویییە.