کشانەوە ، مەرج و بیانووی دوو لایەنەکه چۆن بەرەی دەسەڵاتیان فراوانتر و بەرەی دەرەوەی دەسەڵاتیان بچوکتر کردەوە. دروستبوونی بەرەیەکی سیاسی و پەرلەمانی لە دەرەوەی دەسەڵات بۆ ستۆپێک بە ستەمکاری و حکومڕانی فاشیلی دوو هێزی دەسەڵات لای خەڵک ئەو توزقاڵە ئومێدەیە کە ماوە بە هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات. خەڵکی هەرێمی کوردستانیش تەواو بێهیوان لە دروشمی هەر هێزێکی سیاسی کە خەریکی خۆ بە پاڵەوان کردنە وە دژایەتی ستەمکاری و گەندەڵی تەنها لە چواچێوەری دروشم و شەڕی میدیا و بەدەستهێنانی دەنگدا دەبینن. پەکخستنی هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی بەرەیەک یان هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی چۆن روویدا ؟ لایەنی سیاسی هەیە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو وە بە تایبەت ئەنجامەکانیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەو شەک و گومانەی لای خەڵک نەهێشتووەتەوە کە ستراتیژی ئەو لایەنە له کایەی سیاسی و پەرلەمانی دەستباری دەسەڵاتە لە پێناو مانەوە و بەردەوامیدان بە پرۆژەی ئابورییەکانیان لەهەرێم و عێراق و تەنانەت وڵاتانی ئیقلیمی و دەرەوە. هەر بۆیە کردنەوەی باس و خواستی کۆمەڵ و یەگرتوو لە گەڵ ئەم هێزە لە پێناو دروستکردنی بەرەیەکی فراوان جۆرێک لە قوربانیدانی سیاسی بووە کە دواتر رووبەرووی هیچ جۆرە گلەیەکی خەڵک نەبنەوە و خودی ئەو گروپەش موزایەدەیان بەسەردا نەکات. بە داخەوە کشانەوە لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی هاوپەیمانی دەرەوەی دەسەڵات لەوانەی تەمەنێکیان بە دژایەتی گەندەڵی و ستەمکاری بەڕێکردوە چاوەڕوانکراو نەبوو. وە مایەی ئەسەف و داخە بە کشانەوەیان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا و پێش روون بوونەوەی ئاراستەی گفتوگۆکان ئەو گومانەیان لەسەر خۆیان ساغکردەوە کە ئیعازەکەی له لایەنێکی دەسەڵاتەوە هاتووە و دەبێت بکشێنەوە. دواجار ئەوەی ئەو لایەنانە ئەنجامیان دا بە کشانەوەو مەرج و بیانوگرتنیان بەرەی دەسەڵاتیان فراوانتر و بەرەی دەرەوەی دەسەڵاتیان بچوکتر کردەوە. وە ئەرکی یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری وەکوو دوو هێزی رەسەنی ئۆپۆزسیۆنی سەختترەلە چاران و پێم وایە نابێت کۆڵ بدەن و پەرتەوازەیی ئەوانیتر کاریان تێدا بکات. روپاک ئەحمەد / پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان