گۆڕانی گردەكە كە لەلایەن كوڕانی نەوشیروان مستەفاوە ئیدارەیان دەدرێت داوای سڕكردنی بزووتنەوەی گۆڕان دەكات بۆ ماوەی شەش مانگ. لە نوسراوێکدا بۆ سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بزوتنەوەی گۆڕان "باڵی کوڕانی نەوشیروان مستەفا" هۆشداری دەدەنە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە وەرگرتنی لیست لە باڵەکەی تری بزوتنەوەی گۆڕان و داوای سڕ کردنی چالاکیەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکەن. لە نوسراوێکدا كە رۆژی ۷ی ئەم مانگە، یاسین حەمە عەلی ڕێپێدراوی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕانی گردەكە، داوا دەکات کۆمسیۆن لیست لە بزوتنەوەی گۆڕان (باڵی کوردسات) وەرنەگرێت. لە نوسراوەکەدا هاتووە پێش کۆنگرە وەرگرتنی لیست لەهەرلایەک نایاساییە و لە ڕووی یاساییەوە پوچەڵە. لە کاتی وەرگرتنی لیست لەلایەنی بەرامبەر تانەی یاسایی لێ دەدەن و ڕێکاری یاسای دەگرنەبەر. لەنوسراوەکەدا هۆشداری لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان دەدات و ڕایدەگەیەنێت ڕێکاری یاسایی دژی هەنگاوی لەو شێوەیە دەگرنە بەر. لە نوسراوەکە هاتووە دیاری کردن و سەپاندنی کۆنگرە بەسەر گۆڕاندا بەبێ لەبەرچاو گرتنی جڤاتی گشتی نایاساییە و شەرعیەتی نییە. باڵی گردەكەی بزووتنەوەی گۆڕان، داوا دەکات کۆمسیۆن بزوتنەوەی گۆڕان سڕ بکا بۆ ماوەیەک لە شەش مانگ کەمتر نەبێت. تا لەو ماوەیەدا هەردوو لایەنی ناکۆک کێشەکانیان چارەسەر بکەن. نوسراوەکەی گۆڕانی گردەكە لە کاتێکدایە هەمان ڕۆژ کۆمسیۆن ڕۆژی ۲٤ی ئەم مانگەی وەک دوا دەرفەت بۆ بزوتنەوەی گۆڕان دیاری کرد تا کۆنگرە ساز بکەن.