ئەبوبەکر کاروانی سەرکردەی دیاری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ڕەخنە لە ئیخوان موسلمین دەگرێت و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێکخراوە جیهانییە دەکات کە حیزبەکەشی سەر بەو قوتابخانەیە. دەقی نوسینەکەی ئەبوبەکر کاروانی: ئیخوان و پێویستی خۆ هەڵدەوەشاندنەوە لەم ماوەیەی دوایدا لای هەندێ دۆست باسی ئەوەم کرد کە دۆخەکە پێویستی بەخۆ هەڵوەشاندنەوەی ئیخوانە، چوونکە ئەوڕێکخراوە، بەوبارە مێژووییە گرانەی سەرشانی، ئەو وێنا شێواو وێرانەی لێی گیراوە، ئەو قەیرانە فیکریەی تێیدا دەژیت، ئەودوژمنایەتیە نێودەوڵەتی وهەرێمایەتیە گەورەی دەکرێت و جیاوازیی رەگ وریشەیی قۆناغەکە لەگەڵ ئەوکاتەی سەری تێدا هەڵداوە،ناتوانێت هیچیتر بەشێوەیەکی بەرهەمدارانە درێژە بە خۆی بدات، هەموو ئەوهۆکارانە وایان کردووە، هیچ ئاسۆیەکی لەبەردەمدا نەمینێت و رۆڵی پێچەوانە بەئەرکەکانی لە ئێستادا بگێرێت، بۆیە لێپرسراوێتی ئیسلامی وئەخلاقی و سیاسی داوای ئەوە لە سەرکردەو بریاربەدەستەکانی دەکەن، بریارە عەقڵانی وئازایانەکە بدەن و کۆتایی بە کۆمەڵ وڕێکخراوەکە بێنن وبەفەرمی هەڵیبووەشێننەوە، دابران لەگەڵ رابردوو درووست بکەن، بۆ ئەوەی ئەندام وجەماوەرەکەی بە بیرو هەناسەو دیدێکی نوێوە لەفۆرمی جۆراوجۆری سیاسی یاخوود مەدەنییدا یان هەردووکیان خۆیان ڕێکبخەنەوەو کۆتایی بەوبازنە داخراوە پەنگخواردووە بێنن تیایدا دەژین، لەدوێنێشەوە خەریکی بابەتێکم بەزمان عەرەبی دەربارەی ئەم باسە خووا حەزکات لەرۆژانی داهاتوودا بڵاوی دەکەمەوە.