گرنگ

نەوشیروان مستەفا، دواساتەکانی ژیانی چۆن بەڕێکرد؟

2025-05-19

 
هاوشێوەی زۆرینەی سەرکردەکانی ڕۆژهەڵات نەوشیروان مستەفا ئەمین ڕێکخەری کۆچکردووی بزوتنەوەی گۆڕان تا ساتی کۆچی دوایی نەخۆشیەکەی لای زۆرینەی خەڵک ڕوون نەبوو و لە ماوەی نەخۆشکەوتنی هیچ زانیارییەک دەربارەی نەخۆشیەکەی و دۆخی تەندروستی بڵاو نەکرایەوە. بەجۆرێک لای زۆرینەی خەڵک مردنی وەک شۆک و هەواڵێکی کتوپڕ وابوو. نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ۲۰۱٦، دووجار گەشتی بەریتانیای کرد بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەرو لە سەرەتاوە هەست بە ئازار لەسنگ و هەندێ کێشە لە هەناسەدان دەکاتو جاری یەکەم کە سەردانی بەریتانیا دەکات پزیشکەکان پێی ڕادەگەیەنن توشی شێرپەنجە بووە لە سیەکانیدا. پاشان شێرپەنجەکەی بڵاو دەبێتەوە تا دەگاتە ئێسکەکانی و دکتۆرەکان هۆکاری سەرەکی نەخۆشییەکەی بۆ جگەرە کێشانی چەند ساڵەی نەوشیروان مستەفا دەگێڕنەوەو هەندێک چارەسەر وەردەگرێت و دەگەڕێتەوە سلێمانی، بەڵام تادێت نیشانەکانی نەخۆشیەکەی زیاتر دەبن. لاوازتر و بێ هێزتر دەبێت و لە سەرەتای مانگی ئەیلولی ۲۰۱٦، بۆ جاری دووەم بۆ چارەسەر سەردانی بەریتانیا دەکاتەوە. سەرەڕای وەرگرتنی هەندێک چارەسەری تر، بەڵام ناتوانرێت نەخۆشیەکەی کۆنترۆڵ بکرێت. لە سەرەتای ساڵی ۲۰۱۷ەوە دۆخی زیاتر بەرەو خراپی دەڕوات. لە ڕۆژی ۱۷ی ۳ی ۲۰۱۷ شوعلە عەلی هاوسەری کۆچی دوای دەکات. نەوشیروان مستەفا، لەبەر دۆخی تەندروستی ناتوانێت بگەڕێتەوە هەرێم و بەشداری پرسەکەی بکات. لە ۲۳ی ۳، شەش ڕۆژ دوای کۆچی هاوسەرەکەی لە بەریتانیاوە پەیامێکی سوپاس گوزاری ئاڕاستەی هاوڵاتیانی کوردستان دەکات کە پەرۆشی پرسەی هاوسەرەکەی بوون و ئەوە بە دوا پەیامی نەوشیروان مستەفا دادەنرێت کە واژۆی خۆی لەسەر بێت و لە میدیاکانی گۆڕان بڵاو کرایەوە. لە مانگی نیسان، دۆخی نەوشیروان مستەفا تا دەهات خراپتر دەبوو. پزیشکەکان پێشنیاری چارەسەری کیمیای بۆ دەکەن کە ڕەنگە بەهۆیەوە بتوانێت چەند مانگێکی تر بژێت، بەڵام نەوشیروان مستەفا چارەسەرەکە ڕەت دەکاتەوە. ئەو کەسانەی لە نزیکی بوون لەلەندەن کاتێک لەگەڵیدا قسەیان کردووە دەربارەی نەخۆشیەکەی هەوڵیان دەدا ورەی پێبدەن. بەڵام نەوشیروان مستەفا هێندە زانیاری لەسەر نەخۆشیەکەی دەبێت و دەزانێت کە نەخۆشیەکەی لە دوا قۆناغدایە و بڕیاری گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەدات. کاتژمێر ۱۲ و نیوی شەوی ۱۲ لەسەر ۱۳ی ئایاری ۲۰۱۷، لە ڕێگای فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە دەگاتەوە هەرێمی کوردستان و سەرەڕای خراپی تەندروستی ڕەتی دەکاتەوە بە هێلی کۆپتەر یان بە ئەمبوڵانس بچێتەوە گردی زەرگەتە. بەڵکو بە ئۆتۆمبێل دەڕواتەوە بۆ مەکۆی سەرەکی گۆڕان و لەسەر داوای خۆی کچە تاقانەکەی و کوڕەکانی لەهاتنەوەی یاوەری دەکەن. تا دوا ساتی مردنی نەوشیروان مستەفا نەیویستووە دەربکەوێت و نەیارەکانی بەو شێوەیە بیبینن. تەنانەت لە کاتی گەڕانەوەیدا ڕێ و شوێنی ئەوەیان گرتوەتەبەر لە فڕۆکەخانەی سلێمانی وێنەی نەگیرێت. پاش گەیشتنەوەی بە سلێمانی، دوای شەش ڕۆژ گیان لە دەست دەدات. لەو شەش ڕۆژە کەمترین کەس دەیبینن کە کەس و کاری پلەیەک و چەند کەسێک لە بەرپرسە باڵاکانی گۆڕان دەبن. بەهۆی بێهزی و هەندێکجاریش ئازارەوە جموجوڵی زۆر کەم دەبێت. وەک خۆی بەمنداڵەکانی ڕادەگەیەنێت کە بۆ مردن هاتوەتەوە و نەیویستووە لە هەندەران بمرێت. لەو ماوەیەدا وەسێت دەکات کە لە گردی زەرگەتە بنێژرێت، هەرچەندە هەوڵ دەدات بتوانێت کۆبونەوەیەک لەگەڵ جڤاتی گۆڕان ڕێکبخات، بەڵام تەندروستی ڕێگای نادات. سەرەڕای نەخۆشیەکەی بەردەوام دەبێت، لە جگەرە کێشان و نەخۆشیەکەی لە کۆتا مانگەکانی ژیانی لە بەریتانیا، کار دەکاتە سەر ئێسکی و توشی جۆرێک لە شێرپەنجەی ئێسکی دەکات. کێشی زۆر دادەبەزێت و لە ئەنجامی گفتوگۆی خۆی لەگەڵ پزیشکەکان لە بەریتانیا دەربارەی نیشانەکانی مردنی ئەوە بە نزیکەکانی دەڵێت پێش مردنم توشی تایەکی زۆر دەبم. شەوی ۱٨ لەسەر ۱۹ی ئایار، بەمنداڵەکانی ڕادەگەیەنێت دەیەوێت سبەی سەردانی گۆڕی شوعلە عەلی هاوسەری بکات و حەزیش دەکات بۆ نیوەڕۆ جگەر بخوات و هەمان شەو سەیری تەلەفزیۆن و فیلمێکی بیانی دەکات و وەکو چارەسەر تەنها حەب و دەرزی ئازار شکێنی پێ دەدرێت. ئەو شەوەی دەخەوێت سەر لەبەیانی ڕۆژی ۱۹ی ئایار، کاتژمێر ٦ی بەیانی، توشی تایەکی قورس دەبێت و کوڕەکانی دەزانن هەمان نیشانەیە کە باوکیان وەک نیشانەی مردنی پێی ووتون. کوڕەکانی بەپەلە پزیشک ئاگادار دەکەنەوە و عومەری سەید عەلی و قادر حاجی عەلی و هەڤاڵ ئەبوبەکر پێش کاتژمێر ٨ی بەیانی، دەگەنە گردی زەرگەتە. هەرچەندە هەوڵ دەدرێت تاکەی دابگیرێت، بەڵام بێ سود دەبێت و کاتژمێرێک پێش مردنی توانای قسەکردنی نامێنێت، بەڵام هۆشی دەبێت و بە ئاماژە وەڵامی بەرامبەر دەداتەوە.
10:37
لە نزیک کاتژمێر ٨ی بەیانی بۆ ماوەی دە خولەک چاوی دادەخات. پاشان گیان لە دەست دەدات. تا ئەو ساتە پاسەوان و کارمەند و کادرەکانی گۆڕان نازانن دۆخی نەوشیروان مستەفا هێندە خراپبووە و کۆچی دوای کردووە. قادری حاجی عەلی لەسەر پەڕەیەکی ئەی فۆڕ هەواڵی کۆچی دوای نەوشیروان مستەفا بەناوی بزوتنەوەی گۆڕانەوە دەنوسێت و لە کاتی نوسینەکەدا بەکوڵ دەگرێت. لەشەش دێڕدا شەش جار هەڵە دەکات و بە پێنوسەکەی دەیکوژێنێەوە و هەواڵی مردنەکەی بەم شێوەیە دەبێت: کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەداخ وپەژارەیەکی زۆرەوە ئەمڕۆ تێکۆشەر وسەرکردەی گەورەی گەلەکەمان نەوشیروان مستەفا پاش ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشیدا لە سەعات ٨ ی بەیانی کۆچی دوای کرد. بزوتنەوەی گۆڕان، وێڕای سەرەخۆشی لە کەس و کاری و خۆمان و گەلەکەمان و دوپاتی دەکاتەوە لەسەر ڕێڕەو و بەرنامەی ئەو سەرکردە مەزنە بەردەوام دەبێ بۆ خزمەتی کوردستان. ئەو ڕۆژە تەرمەکەی بەخاک ناسپێردرێت ودەبرێتە نەخۆشخانەی فاروق و ڕۆژی دواتر لە مەراسمێکدا دەهێنرێتەوە بۆ گردی زەرگەتە و لەوێ بەخاک دەسپێردرێت و بەهۆی سەرسامی بە حافزی شیرازی وەسێت دەکات گۆڕەکەی هاوشێوەی ئەو بێت.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color