گرنگ

دکتۆر عەبدولەتیف، لەسەر قەدەغەکردنی مەدخەلییەکان داواکارییەک ئاراستەی عێراق دەکات

2025-05-20

 
بسم الله الرحمن الرحیم سەرەتا من مەدخەلى نیم و ڕەخنەشم لێیان هەیەو دوو کتێبیشم لەسەر نوسیون کە ئەوان لە (هەندێ بواردا) لە ڕێبازى سەلەفیەتى ڕاستەقینە لایانداوە کە بریتییە لەو شێوازە ئیسلامەتیەى کە پێغەمبەر علیه الصلاە والسلام و هاوەڵانى لەسەر بوو، وە کەوتونەتە تەقلید کردنى شێخ رەبیع المدخلی و دەمارگیرى بۆ فەتواو بۆچونەکانى، وە هەڵە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوانەى تەقلیدى شێخ ربیع ناکەن لە (ئەهلى سوننە). بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کە لەگەڵیان نیم بەڵام بە ویژدان و ئینصافەوە قسەیان لەسەر دەکەم و قسەش لەسەر ئەم بڕیارەى حکومەتى عیراق دەکەم و بە ئینصافیشەوە وەڵامى پرسیارەکانت دەدەمەوە: 1. پرسيارى يەكەم: لەسەر بڕیارەکە بە شێوەیەکی گشتی لێدوانتان چییە؟ وەڵام: بڕیارێکە بونیات نراوە لەسەر چەند هۆکارێک کە شایەنى ئەو بڕیارە نین، ئەم هۆکارانەش کە لە بڕیارەکەدا باس کراون ئەمانەن: • هۆکارى یەکەم وتراوە: (حركة متطرفة تهدد السلم المجتمعي والأمن القومي)، واتە بزوتنەوەیەکى توند ڕەوەو هەڕەشەیە لەسەر سەلامەتى کۆمەڵگاو ئاسایشى نەتەوەیى! بێگومان ئەم تۆمەتە ڕاست نییەو ئەوان لەگەڵ ئەمن و ئاسایشى وڵاتدان و دژى بیرى تەکفیرو توندڕەوی و ئاژاوەگێڕین. • هۆکارى دووەم دەڵێن: (یروج لفکرە طاعة ولی الأمر بشکل مطلق، ورفضه للخروج على الحاكم حتى لو كان ظالما طالما لم يظهر كفرا بواحا)، واتە یەکێکى تر لە تاوانیەکانیان ئەوەیە دەڵێن دەبێت لە هەموو شتێکدا گوێڕایەڵى بڕیارەکانى حکومەت بکرێت و دژایەتى نەکرێت مادام موسڵمانەو لە دین دەرنەچووە. ئەمەشیان نیوەى ڕاستە، چونکە هەرگیز نەیانوتووە لە خراپەدا گوێڕایەڵى کاربەدەستان دەکەین، بەڵکو تەنها لە چاکەدا گوێڕایەڵى دەکرێن نەک لە خراپە، وە ئینجا ئەمە لەگەڵ هۆکارى یەکەم دژ بە یەکن، چونکە کە مەدخەلیەکان گوێڕایەڵى کاربەدەستى وڵات بکەن و دژى نەوەستنەوە؛ کەواتە چ مەترسییەک لەسەر ئاسایشى کۆمەڵگا دروست دەکەن؟ وە پێویست بوو حکومەت پشتیوانییان بکات نەک دژایەتى! • هۆکارى سێیەم: (رفض العمل السیاسی والحزبی)، واتە: لەگەڵ کارى سیاسى نین وحزبایەتیش ناکەن!. ئەمەیان هەموى ڕاستە بەڵام لەگەڵ خاڵى یەکەم تێک ناکاتەوە؛ چونکە کە ئەوان تەداخولى کارى سیاسى و حیزبی ناکەن کەواتە بێ کێشەن و سەرچاوەى ئاژاوەو ئاشوب نین!. • هۆکارى چوارەم: (یقال أن هناک صلات فکریە وتنظيمية بينهم وبين الجهات الخارجية، وشبهات دعم مالي لها)، دەوترێت گوایە پەیوەندى بیروباوەڕى و ڕێکخستنیان هەبێت لەگەڵ لایەنە دەرەکیەکان، وە هاوکارى ماددیش بکرێن! ئەمەشیان سێیەکى ڕاستەو دوو لەسەر سێى ناڕاستە: ئەو بەشەى ڕاستە کە هاوبیرى سوننەکانى وڵاتانى کەنداون، بەڵام نە ئەوەى ڕاستە کە سەر بە ڕێکخستنى وڵاتانى تربن، وە نەئەوەش کە هاوکارى ماددى بکرێن، وە هر کارێکى خێر دەکەن وەک مزگەوت و یارمەتى دانى هەژاران و خولى زانستى ئەوا خەڵکى خێرخوازى وڵاتەکەیە یارمەتییان دەدەن. هۆکارى پێنجەم: (تعادی الإخوان والصوفیة)، واتە دژایەتى ئیخوان وصۆفیەکان دەکەن! بۆ ئەمەشیان پێچەوانەکەى راست ترە کە ئیخوان و صۆفیەکان زیاتر دژایەتى ئەوان دەکەن و زۆریان بە کافریشیان دادەنێن، بەڵام هیچ زانایەکى سەلەفى ئیخوان و صۆفى بە کافر دانەناوە، بەڵکو تەنها ڕەخنەیان لە بیروباوەڕیان گرتووە کە لە گەڵ خوا هانا دەبەن بۆ شێخیک و مردویەک! 2. پرسيارى دووەم: بەڕاى تۆ کێ لەپشت ئەم بڕیارەوەيە؟ • وەڵام: لە یەکێ لە بەیاننامەکاندا هاتووە: ((وتأتي هذه الخطوة بعد تحذيرات من هيئات دينية مرجعية من توسّع نفوذ التيار المدخلي، خشیة من تسلل هذا الفکر الى مؤسسات الدولة)) ئەوترێت لە لایەکەوە صۆفیەکان و ئیخوانیەکان داوا لە حکومەت کراوە ڕێگرى بکات لە بڵاوبونەوەى سەلەفیەکان، وە حکومەتیش پێشوازى لەم داواکاریە کردووە بۆ ئەوەى لە گشت ناوچە سونییەکان لە جیاتى بڵاو بونەوەى سەلەفیەکان صۆفیەکان شوێنیان بگرنەوە؛ وە بۆ نمونە بە رەسمیش ئەمڕۆ دوو بڕیار دەرچوو بۆ موصڵ یەکێکیان دانانى مەلایەکى صۆفى بە وتار بێژى مزگەوتى نبی یونس لە موصل بە ناوى (محمد بن أكرم عبد الوهاب)، دووەم بڕیاریش تەسلیم کردنى دائیرەى فێرکردنى ئاینى بە کەسێکى صۆفى بە ناوى: (رامي العبادي) کە سەر بە ڕابطە محمدییە؛ ئەمەش چونکە تا ڕادەیەک سۆفى و شیعە پارچەیان بۆ یەکترى ئەبێت و، هەر ناوچەیەکى سوننە مەزهەب صۆفیەکان تیایدا بڵاو بون و خاوەن فەتواو مزگەوت و ئەوقاف بوون ئەوا شیعەکان بە هی خۆیانى دەزانن، بەڵام هەر شوێنێک سەلەفى تێدا بێت ئەوان بە هی سعودیەى دەزانن کە لەڕاستیشدا وانییەو هەموو سەلەفیەکان وەلائو دڵسۆزییان بۆ وڵاتى خۆیانە.
 
3. پرسيارى سێیەم: ئەم ترسەی عێراق بەرامبەر هەنێک لە لایەنە دینیەکان بۆچی دەگەڕێننەوە و چارەسەر چیە؟ وەڵام: ئەوترێت: گومان ئەکرێت لەوە بترسن تەجروبەى سوریا لە عێراقیش دووبارە بێتەوە، -هەرچەندە هیچ لێک چونێکیش نییە لە ئارادا-، بۆیە دەیانەوێت پێش وەختە ڕێگرى لەوە بکەن!. وە هەروەها بابەتى هەڵبژاردنیش لەئارادایەو ئەترسن ئەو کەسانە دەنگى زۆر بهێنن کە سەلەفیەکان دەنگیان پێ دەدەن بۆیە دەیانەوێت لاوازیان بکەن 4. پرسيارى چوارەم: داواکاریتان چییە لە حکومەتی عێراقی؟ وەڵام: بە بڕێارەکەیدا بچێتەوەو بە دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ ڕاجیاوازەکان بکەن لە ڕێگەى گفتوگۆو زمانى زانستى، نەک زمانى سەرکوت کردن و دەم بەستن، وە وڵات بە هی گشت لایەنەکان دابنێن نەک بۆ هەندێک بێت و هەنێکیشى بێ بەش بکرێت، وە پێکەوە ژیان هەبێت نەک سیاسەتى (یان وەک من بیر ئەکەیتەوە یان نابێت بمێنیت) پیادە بکرێت!. وە لە کۆتاییدا سەیرم لەوە دێت کە لە لایەکەوە حزبە ئیسلامیەکان بە سەلەفیەکان دەڵێن مەدخەلى وە تۆمەتى ئەوە دەدەنە پاڵیان کە گوایە لەگەڵ حکومەت و دەسەڵاتن، لەلایەکى تریشەوە حکومەت بڕیارى قەدەغەکردنیان بەسەردا دەدات، ئێ کە پیاوى دەسەڵات بن بۆچى دەسەڵات دەیانگرێت و هەموو چالاکیەکیان ڕادەگرێت؟! ئەم پرسیارە بەس بۆ عاقڵەکان بوو! د. عبدالللطیف أحمد الأمین ‏19‏/05/2025
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color