دوای واژۆ کردنی دوو گرێبەستی گەورەی غاز لەلایەن حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکیەکان چاوەڕێی کاردانەوەی توندی حکومەتی بەغدا دەکرێت بەو پێیەی بەغدا ئەنجامدانی گرێبەستی نەوت و غاز بە دەسڵاتی خۆی دەزانێت و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق یاسای نەوت و غازی هەرێم و بەڕێوەبردنی پڕۆسەکانی نەوت و غاز لەلایەن هەرێمەوە ڕەت دەکاتەوە. بەپێی زانیاریەکانی بوار حکومەتی هەرێم نایەوێت گرژی دروست ببێت و گرێبەستەکان ببنە گرفت لەنێوان هەولێر و بەغدا و وەڵامی بۆ بەغدا ئەوە دەبێت کە هەردوو گرێبەستەکە گرێبەستی نوێ نین بەڵکو گرێبەستی کۆن و پێشتری ئەو کێڵگانەن و تەنها کۆمپانیاکانی پێشوو کشاونەتەوەو کۆمپانیای نوێ جێگای گرتونەتەوە. بەواتایەکی حکومەتی هەرێم دەیەوێت وا پیشانبدات کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی پابەند نەبووە بەگرێبەستی کێڵگەی میران و لەلایەن هەردوو کۆمپانیای HKN و ئۆنێکس گروپ لەژێر ناوی کۆمپانیای میران ئینێرجی شوێنی پڕ کراوەتەوەو بۆ کێڵگەی تۆپخانە بەهەمان شێوە کۆمپانیای وێسترۆن زاگرۆس شوێنی هەردوو کۆمپانیای ڕیپسۆڵ و دایناست پترۆڵیۆمی گرتووەتەوە. لەدوای بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لە شوباتی ۲۰۲۲ و بڕیاری دادگای ژووری بازرگانی پاریس لە ئازاری ۲۰۲۳ دژی کەرتی نەوت و غازی هەرێم بۆ یەکەمجارە حکومەتی هەرێم بە ئاشکرا گرێبەستی نەوت و غاز واژۆ دەکات.