وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەگا ئاماژە بەوەدەكەن زۆر بەتوندی هۆشداریی لە هەر نیاز و هەوڵێكی ئیسرائیل دەدەین ئەگەر بیەوێت هێرش بكاتە سەر بنكە ئەتۆمییەكانمان، هاوكات ماڵپەڕێكی جیهانیش ئەگەری هێرشكردنە سەر بنكە ئەتۆمییەكانی ئێرانی لە نزیكترن كاتدا بلاوكردووەتەوە. ئەمڕۆ ماڵپەڕی 'ئەكسیۆس' لەزاری دوو سەرچاوەی ئاگەداری ئیسرائیل بڵاوی كردووەتەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەزگا هەواڵگرییەكانی ئیسرائیل پێیان وابووە دانوستانەكانی ئەمەریكا و ئێران، سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی نزیك بووەتەوە لە ڕێككەوتن، بەڵام ئێستا پێیان وایە ئەگەری هەیە بەم زووانە دانوستانەكان شكست بهێنن. سەرچاوەكان بە ماڵپەڕەكەیان ڕاگەیاندووە: سوپای ئیسرائیل پێی وایە، ڕەنگە بەم زووانە دەرفەتی هێرشێكی سەركەوتووانە بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران نەمینێت، بۆیە پێویستە ئیسرائیل بە خێرایی هەنگاو بنێت ئەگەر دانوستانەكان شكستیان هێنا. لەبەرامبەر ئەو هەوڵانەی ئیسرائیل وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: زۆر بەتوندی هۆشداریی لە هەر نیاز و هەوڵێكی ئیسرائیل دەدەین ئەگەر بیەوێت هێرش بكاتە سەر بنكە ئەتۆمییەكانمان و وەڵامی بەهێزی هەر هەڕەشە و دەستدرێژییەك دەدەینەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە، ئەگەر ئیسرائیل هێرش بكاتە سەر بنكە ئەتۆمییەكانمان، واتای ئەوەیە واشنتۆن بەشدارە لە هێرشەكە، بۆیە دەبێ بەرپرسیارەتی یاسایی ئەو هێرشە هەڵبگرێت